بەشار مستەفەوی و كۆرپەڵەكەی لە مەترسیدان و پەخشان عەزیزیش لە سێدارە دەدرێت

:: AM:11:04:23/05/2026 ‌
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهایی لە ڕاگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كردووە، دۆخی تەندروستیی بەشار مستەفەوی و كۆرپەڵەكەی لە مەترسیدایە و دەسەڵاتدارانی دادوەری، ڕێگریی لە دەستڕاگەیشتنی بە چاودێریی پزیشكیی پێویست و پشكنینەكانی قۆناغی دووگیانی دەكەن.

 ئەم هاووڵاتییە بەهاییە كە لە كاتی دەستپێكردنی شەپۆلێكی نوێی ناڕەزایەتییەكان لە مانگی یەكی ساڵی 2026ەوە گیراوە، هاوكات دووگیانیشە.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ڕێكخراوە مافپەروەرییە، تەنیا یەكێكە لەو 80 هاووڵاتییە بەهاییەی كە لە چەند مانگی ڕابردوودا، هاوكات لەگەڵ چڕكردنەوەی هەڵمەتەكانی حكوومەت بۆ سەركوتكردنی ئەم كەمینە ئاینییە گیراوە.

 هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە تا ئێستە زیاتر لە 400 حاڵەتی پێشێلكاریی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤ لەوانە: هەڵكوتانە سەر ماڵان بە توندوتیژی، دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی مۆڵكوماڵ، گرتنی هەڕەمەكی و تا لە سێدارەدان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە تۆمار كراون.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم گوشارانەش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕەفتاری نامرۆڤانە، ئەشكەنجەی قورس، لە سێدارەدان و ددانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی "پێوەند نایمی" و "بۆرنا نایمی"، دوو ئامۆزای بەهایی لە شاری كرمان گەیشتووەتە لووتكە.

 ئەم جۆرە ڕەفتارانە ڕەگوڕیشەی لە سیاستی ئێراندا هەیە كە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە "مەزەوی لادەر" ناوزەدی كردوون، پێڕەوانی ئەم ئاینەی بەردەوام ڕووبەڕووی توندترین بێبەشكردن، گۆشەگیری و پرۆسەی سڕینەوەی كۆمەڵایەتی و ئاینی كردووەتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە پاش ئەوەی دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، داواكاریی دووبارە دادگاییكردنەوەی پەخشان عەزیزی گیراوی سیاسیی كورد و خەڵكی شاری مەهابادی ڕەت كردەوە، مەترسییەكانی سەر جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانەكەی قورستر و نزیكتر بوونەتەوە.

پەخشان عەزیزی لە ساڵی 2023دا لە شاری تاران لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە گیرا، پاشان لەلایەن دادگای تارانەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پارتە كوردییەكان" دادگایی كرا و سزای قورسی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.





وشە - سۆران عەزیز