دەوڵەتی یاسا: سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یارییەكی مەترسیدار دەكات و باجەكەشی دەدات

:: PM:01:41:23/05/2026 ‌
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە سەرۆكی پەرلەمان و كۆبوونەوەكەی بۆ متمانەدان بەكابینەكەی عەلی زەیدی، نیگەرانەوە و رای گەیاند،  داوێكی سیاسیی داڕێژراو بوو، ئامانجیش لێی لێدان بوو لە دەوڵەتی یاسا.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئایار، عەقێل فەتلاوی گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە میانی چاوپێكەوتنێكدا گوتی، "ئەوەی لە كاتی دانیشتنی متمانەبەخشین بە وەزیرەكان لە 14ی ئایاردا ڕووی دا، داوێكی سیاسیی پێشوەختە داڕێژراو بوو، ئامانجەكەش لێدان بوو لە دەوڵەتی یاسا، بۆیە ئەمە لە بیر ناكەین".

ئاماژەی بەوەش كرد، "رێككەوتنێكی سیاسیی پێشوەختە هەبوو، بەڵام لە كۆتا چركەكاندا پێشێل كرا، بەشێوەیەك كە دەنگدان لەسەر وەزیرەكانی دەوڵەتی یاسا ناوخۆ و خوێندنی باڵا هەبوو، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان بەپلان خستنیە كۆتایی لیستەكە".

دەڵێت، ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە كاتی متمانەبەخشین بە وەزیرەكان كردی، پێشتر نەكراوە، بەكەیفی خۆی دەسكاری ریزبەندی وەزیرەكانی كرد كە پێشتر وەزیرە سیادییەكان دەخوێنرانەوە دواتر ئەوانیتر. گوتیشی سەرۆكی پەرلەمان یارییەكی مەترسیدار دەكات و باجەكەشی دەدات.

فەتلاوی گوتیشی، "بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بەزاندنی دەسەڵاتەكانی خۆی بوو. دووپاتی كردەوە كە "هاوپەیمانییەكە پەنای بردووەتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ تانەدان لە ئەنجامەكانی دەنگدانەكە".

گوتەبێژەكەی دەوڵەتی یاسا "پێداگریی هاوپەیمانییەكەی لەسەر بەربژێرەكانی خۆی (قاسم عەتا و عامیر خوزاعی)" نوێ كردەوە و بوونی هەر هۆكارێكی لۆجیكی یان دۆسیەیەكی دەستپاكی كە ڕێگریی بكات لە وەرگرتنی ئەو پۆستانە، یان بوونی ڤیتۆیەكی ڕاستەوخۆی ئەمەریكی لەسەر ئەو دوو كەسایەتییە، ڕەت كردەوە.

ئەوەشی گوت، "هەژموون و كاریگەریی نووری مالیكی هێشتا بەهێزە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، وەك خاوەن بڕیارێك سەیر دەكرێت كە جێگەی ڕێزی نەیار و هاوپەیمانەكانیەتی".




وشە - سۆران عەزیز