سەرەڕای بوونی ناكۆكییەكی زۆر، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی پاكستان بۆ رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی گەڕێكیتری شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، ئەمڕۆ فەرماندەی سوپای پاكستان لە تاران گەڕایەوە وڵاتەكەی و دووپاتی كردەوە كە دۆخەكە ئەرێنییە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش دەڵێت، رەنگە بەمنزیكانە بگەن بە رێككەوتن، ئەگەرچی ئێران و سەرۆكی ئەمەریكا لە گوتارەكانیان بە پێداگری لەسەر داواكانیان بەردەوامن.
ئەمڕۆ شەموو رۆژنامەی
"فاینانشیەڵ تایمز"ی ئەمەریكی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری لە دانوستانەكان گواستەوە، ئەوان پێشبینی دەكەن كە لە گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ نزیك بوونەتەوە، جیا لە دانانی چوارچێوەیەك بۆ دانوستان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
راپۆرتی رۆژنامەكە ئاماژە دەكات، رێككەوتنەكە كرانەوەی بە هەنگاوی گەرووی هورمز و گفتوگۆكردن لەبارەی سووككردن و گواستەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و چەند هەنگاوێكی واشنتن بۆ سووككردنی گەماری دەریایی سەر بەندەرەكانی ئێران و سووككردنی سزاكانی سەر تاران لەخۆ دەگرێت، ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە چوارچێوەی ناوەندگیرییەكانی پاكستان، لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر رێككەوتنێكی 14 خاڵی بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ نزیك بوونەتەوە.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نەخشەیەكی ئێرانی داپۆشراو بە ئاڵای ئەمەریكای دانابوو، لەسەر نووسرابوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەنگاوێكی هاوشێوە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ڤەنزوێلا بەر لە گرتن و رفاندنی سەرۆكەكەی ئەنجامی دا.