هاوكات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكانی پاكستان بۆ رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی شەڕی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانە توندەكانی بەرانبەر بە ئێران بەردەوامە، ئەمڕۆ رای گەیاند كە كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی دوایین رەشنووسی رێككەوتن لەگەڵ ئێران ساز دەكات و رەنگە سبەی بڕیاری كۆتایی بدەن.
ئەمڕۆ شەموو ترەمپ لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس" گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ گەورە راوێژكارانی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین رەشنووسی پێشنیازێك بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران كۆ ببێتەوە، رەنگە سبەی بڕیاری كۆتایی لە نێوان هەوڵدان بۆ رێككەوتن یان دەست پێكردنەوەی هێرشە سەربازییەكان بدەن.
دووپاتی كردەوە، چاوم بە نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر بۆ تاوتوێكردنی وەڵامی ئێران و چارەنووسی ئەمباری یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە دەكەوێت، كە ئەو بابەتانە كڕۆكی هەر رێككەوتنێكی گریمانكراون لەگەڵ تاران، بۆیە یان رێككەوتنێك واژوو دەكەین یان گورزێكی بەهێزیان لێ دەوەشێنین.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نەخشەیەكی ئێرانی داپۆشراو بە ئاڵای ئەمەریكای دانابوو، لەسەر نووسرابوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەنگاوێكی هاوشێوە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ڤەنزوێلا بەر لە گرتن و رفاندنی سەرۆكەكەی ئەنجامی دا.