ترەمپ قسە لەگەڵ سەركردەی چەند دەوڵەتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

:: PM:08:08:23/05/2026 ‌

هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەركیا رای گەیاند كە بەر لە چەند سەعاتێك لە بڕیاری دەست پێكردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران، لەسەر داوای ژمارەیەك لە سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو بڕیارەكەی دوا خست، ئەمشەویش دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەیەكی گرنگی هەیە و بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەركردەی چەند وڵاتێك سەبارەت بە ئێران دەكات.

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، بڕیارە ئەمشەو سەرۆكی ئەمەریكا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەركردەكانی سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و میسر و توركیا و پاكستان بكات، هاوكات بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای كۆبوونەوەی حكوومەتەكەی كردووە. 

چەند میدیایەكی رۆژئاوایی و ئیسرائیلی ئاماژەیان كرد كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رووی لە كۆشكی سپی كردووە بۆ سازكردنی پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركردەی چەند وڵاتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" باسی كردووە، ئەمشەو ترەمپ بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەركردەكانی سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و میسر و توركیا و پاكستان دەكات.

میدیاكانی ئیسرائیلیش دووپاتیان كردەوە ئەمشەو لەسەر داوای بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، حكوومەتی ئیسرائیل كۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو ترەمپ لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی "ئاكسیۆس" گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ گەورە راوێژكارانی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین رەشنووسی پێشنیازێك بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران كۆ ببێتەوە، رەنگە سبەی بڕیاری كۆتایی لە نێوان بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ رێككەوتن یان دەست پێكردنەوەی هێرشە سەربازییەكان بدەن.

دووپاتی كردەوە، چاوم بە نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر بۆ تاوتوێكردنی وەڵامی ئێران و چارەنووسی ئەمباری یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە دەكەوێت، كە ئەو بابەتانە كڕۆكی هەر رێككەوتنێكی گریمانكراون لەگەڵ تاران، بۆیە یان رێككەوتنێك واژوو دەكەین یان گورزێكی بەهێزیان لێ دەوەشێنین.

ئەمە و ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نەخشەیەكی ئێرانی داپۆشراو بە ئاڵای ئەمەریكای دانابوو، لەسەر نووسرابوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەنگاوێكی هاوشێوە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ڤەنزوێلا بەر لە گرتن و رفاندنی سەرۆكەكەی ئەنجامی دا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل