بۆ وەستانی شەڕی ئێران شەهباز شەریف لە چینە

:: PM:08:28:23/05/2026 ‌

پاكستان بەتەواوەتی هەوڵی وەستانی شەڕی ئێران و رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی شەڕەكە دەدات، دوای دوو سەردانی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆ تاران، دوێنێ فەرماندەی سوپاكەی گەیشتە تاران و ئەمڕۆش شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان گەیشتە پەكین لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ وەستانی شەڕی ئێران.

ئەمڕۆ شەموو شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان بە سەردانێكی فەرمیی چوار رۆژی گەیشتە چین، ئەو بە هاوەڵی ئیسحاق دار جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و ژمارەیەك وەزیری بەرپرسانی باڵای پاكستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە چین بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی ستراتیجی و ئابووری هەردوو وڵات.

تاهیر ئەندرابی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان گوتی، چین پاڵپشتیی لەو ناوەندگیرییەی پاكستان بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی ئێران دەكات، ئاماژەی بۆ دەستپێشخەرییەكی هاوبەشی پێنجخاڵی ئیسلام ئاباد و پەكین بۆ پاڵنان بە پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

ئەو سەردانەی سەرۆك وەزیرانی پاكستان بۆ چین ئەگەرچی فەرمییە و زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پێوەندییەكانی هەردوو وڵات، بەڵام هاوكاتە لەگەڵ هەوڵە رژدەكانی پاكستان بۆ رێگرتن لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئێران، كاتێك دوێنێ فەرماندەی سوپای پاكستان، كە پێوەندییەكی باشی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا هەیە، سەردانی ئێرانی كرد.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل