ئێستە قسەو باس لەبارەی رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا گەرمە، ئەگەرچی بە وردی نازانرێ چی روودەدات، بەڵام ئەمەریكا پێشنیازێكی لە رێگەی پاكستانەوە داوەتە تاران و چاوەڕوانی وەڵام دەكات، هاوكات سەرۆكی ئەمەریكا لە واشنتن لەگەڵ گەورە راوێژكارەكانی بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران كۆ دەبێتەوە، بەڵام پلانی بی ئەمەریكا چییە؟
بەپێی چەند
سەرچاوەیەكی رۆژئاوایی، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی داخرانی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران، كە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسی پلانێكی شوێنگرەوەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە كرد، گوتیان، پلانەكەی ئەمەریكا تەنیا ئەوە نییە بەهێزی سەربازی هاوەڵی كەشتییەكان بكرێت، بەڵكو بریتییە لە نەهێشتنی كۆنترۆڵی ئێران بۆ گەرووی هورمز بە زەبری هێزی سەربازی و دوورخستنەوەی ئێران لە سەپاندنی هەژموونی بەسەر گەرووەكە.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، پلانەكەی ئەمەریكا لە چوار خاڵ پێك هاتووە، بە هێرشێكی زوو و كتوپڕی سەر تۆڕی بەرگریی كەناراوی و تونێلە پارێزراوەكانی ئێران دەست پێ دەكات بۆ پەكخستنی توانای هێرشبردنی ئێران، دوای ئەوە دامەزراندنی رێڕەوێك و پردێكی دەریایی بۆ سەپاندنی كۆنترۆڵی هێزە دەریاوانییەكانی ئەمەریكا بە زەبری چەك، فرەوانكردنی گەمارۆ دەریاییەكەی سەر ئێران بۆ خنكاندنی تەواوەتیی ئابوورییانەی بەندەرەكانی ئێران، تا گەیشتن بە كۆتاییەكەی لە بەنێودەوڵەتیكردنی رووبەڕووبوونەوەكە لە رێگەی بەشداریپێكردنی هێزە زیانپێكەوتووە ئاسیایی و ئەوروپییەكان بۆ لەئەستۆگرتنی بەشێك لە بەرپرسیارەتی و بارگرانیی سەربازی و سیاسی هەر شەڕێكی كراوە.
مهەنا شتێوی شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە ئەو پلانە مەترسییەكی گەورەی بۆ دنیا تیادایە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی فرەوان لە ناوچەكە كە رەنگە كۆنترۆڵ نەكرێت، ئێران ئەوەی ماویەتی لە توانای مووشەك و درۆن بۆ لێدانی دامەزراوە نەوتییەكان بەكاری دێنێت، دەبێتە هۆی بازدانێكی شێتانەی نرخی نەوت و تێچووی هاتوچۆی دەریایی، ئەگەر ئەوانە رووبدەن، ئابووری دنیا دەچێتە دۆخی داتەپینێكی توند.