ڕێككەوتنی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، چووەتە قۆناغی دووبارە داڕشتنەوەی تێكستی كۆتایی و مەرجدارە بە دەستهەڵگرتنی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، لە بەرانبەر ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی و دوای ئەوەیش چاوەڕوانی ڕەزامەندیدان لەسەر
رێككەوتنەكە لە نێوان ترەمپ و خامنەیی دەبێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران تاران پابەند دەكات كە دەست لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی هەڵبگرێت، هاوكات گەرەنتی ئەوەیش دەكرێ كە ئێران چیتر هەوڵی بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆم و یۆرانیۆم نەدات و یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرزیش ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتەكەی بكات.
دوای ڕازیبوونی كۆتایی هەردوولا لەسەر ڕێككەوتنەكە، دوو مانگ دەرفەت لە بەردەم هەردوولا دەبێت، بۆ تاوتوێكردن و دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، ئەمەریكایش ئامادە نییە پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد بكات، تا ئەو كاتەی تاران دەست لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز هەڵدەگرێت و دەبرێتە دەرەوەی ئێران.
لەلایەكی ترەوە تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكەی گواستوویەتیەوە، دۆخەكە لە دوا ساتەكانیدایە و هەردوولا خەریكی داڕشتنەوەی تێكستی كۆتایی یاداشتی لێكگەیشتنن و ئەمەیش چەند ڕۆژێكی تر دەخایەنێت. ئێران بە خاڵە سەرەكییەكانی ڕێككەوتنەكە ڕازی بووە، بەڵام ئێستە ناكۆكییەكان لەسەر چۆنیەتی نووسینەوە و داڕشتنی ئەو خاڵانەن.
پێشتر تۆڕی فۆكس نیوزی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بە ڕێژەی 95% تەواو بووە.