شیعە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ناكۆكن

:: PM:05:11:25/05/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو ئاڵۆزی و دابەشبوونێكی گەورە ناوماڵی شیعەی گرتەوە، بەتایبەتی لە سەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و دابەشكردنی پۆستەكان، جیا لەو داواكارییەی ئەمەریكا بە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان و حەشدی شەعبی و چارەسەركردنی بەپەلەی ئەو بابەتە، هەموو ئەوانە وایان كردووە لێكترازانێكی گەورە بكەوێتە ناو ماڵی شیعە، سەرچاوەیەك باسی زیادبوونی ئاڵۆزیی هێزە سیاسییەكانی شیعە بەهۆی پرسی لێكهەڵوەشانەوە و نەهێشتنی حەشدی شەعبی دەكات.

سەرچاوەكە گوتی، هەندێك لایەنی سیاسیی شیعە كە باڵی سەربازییان هەیە، بە سەركردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیان راگەیاندووە بەوەی ئەگەر حكوومەت و چوارچێوە پاڵپشتیی لە پێشنیازەكەی ئەمەریكا بە لێكهەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی یان یەكخستنی لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق بكەن، ئەوان ریزەكانی چوارچێوەكە جێدێڵن و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەن.

روونی كردەوە، هاوكات هەندێك هێزی تری سیاسی كە باڵی سەربازییان هەیە، خواستی خۆیان بۆ داماڵینی چەك و چوونە ناو پرۆسەی سیاسی دەربڕیوە، ئەوەش لە بەرانبەر پێدانی پۆستی باڵا لەناو دەوڵەتی عێراقی، بۆیە بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە چەند رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازەكەی ئەمەریكا بە داماڵینی چەك ساز بكات، جیا لە تاوتوێكردنی دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و لێكەوتەكانی ئەو بابەتە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل