سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە دانانی فالح ساری وەزیری دارایی عێراق وەك جێگری خۆی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی ئابووری، لە كاتێكدا لە كابینەی پێشوودا ئەنجوومەنەكە لەلایەن فوئاد حوسێن بەڕێوە دەبرا.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، "عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەت، وەزیری دارایی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ببێتە جێگری خۆی بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری".
كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری بە سەرۆكایەتیی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران یان جێگرەكەی بەڕێوە دەچن، ئەركی سەرەكییان بریتییە لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی، تاوتوێكردنی پڕۆژە گرنگەكانی وەبەرهێنان، رێكخستنی بازرگانی و بڕیاردان لەسەر كەرتی وزە و هاوردەكردن.
ئەو ئەنجوومەنە گرنگی بە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری، بەدواداچوونی گەشەپێدان، دۆخی دارایی، بازرگانی و خستنەڕووی راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەدات.
لە كابینەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، فوئاد حوسێن كە هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئابووری دەكرد.