لە یەكەم هەڵبژاردنی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەنەكەسە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا و گەلی كورد لەو پارچەیە متمانەیان بە ئەندامەكانیان بەخشی.
دوای ئەوەی هەڵبژاردنی "ئەنجوومەنی گەل" پەرلەمانی سووریا لە ڕۆژئاوای كوردستان كۆتایی هات، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە سووریا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ڕاگەیاند. لە شارەكانی قامیشلۆ، حەسەكە، كۆبانێ و دێرك، ئەنەكەسە و پارتی دیموكرات سەركەوتنیان بەدەست هێنا، پەیەدەش پلەی دووەم و سێیەمی بەدەست هێنا.
ڕۆژی یەكشەم 24/5/2026، هەڵبژاردنی ئەندامانی"ئەنجوومەنی گەل" لە هەریەك لە شارەكانی حەسەكە، قامیشلۆ، كۆبانێ و دێرك بەڕێوەچوو، لە كاتێكدا لە عەفرین و تەل عەراندا هەڵبژاردن لە پێنجی ئۆكتۆبەری 2025دا بەڕێوەچووبوون.
بازنەی قامیشلۆ، ڕەزوان سەیدۆ نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد (ئەنەكەسە)، 160 دەنگ. عەبدولحەلیم ئەلعەلی لە پێكهاتەی عەرەب، 142 دەنگ. كیم ئیبراهیم نوێنەری كۆمەڵگەی مەدەنی و كاندیدی مەزڵووم عەبدی، 139 دەنگ. مەحموود ئەلمازی لە پێكهاتەی عەرەب، 139 دەنگ.
بازنەی حەسەكە: ئیبراهیم ئەلعەلی لە پێكهاتەی عەرەب، 122 دەنگ. عومەر ئەلهایس لە پێكهاتەی عەرەب، 113 دەنگ. فەسلە یوسف لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد، 86 دەنگ.
بازنەی دێرك: ئەحمەد موراد لە كۆمەڵگەی مەدەنی، كاندیدی پارێزگار و مەزڵووم عەبدی. عەلی ئەلعابد لە پێكهاتەی عەرەب، بە تەزكیە سەركەوت.
بانەی كۆبانێ: فەرهاد شاهین لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ENKS). شواخ ئەلعاسف لە پێكهاتەی عەرەب.
بازنەی عەفرین: شێخ سەعید شێخ ئیسماعیل زادە لە پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا. محەمەد سەیدۆ لە پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا. ڕێنگین عەبدۆ سەربەخۆ "بێلایەن" دەرچوون، ئەنەكەسەش لە زۆربەی بازنەكاندا لە پێشەوەی پەیەدە بوو.
لە بازنەی قامیشلۆ، كاندیدی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد بە ناوی "ڕەزوان سەیدۆ" زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا و پلەی یەكەمی گرت. هاوكات كاندیدی پەیەدە و مەزڵووم عەبدی بە ناوی "كیم ئیبراهیم" لە پلەی سێیەمدا هات، كاندیدی پێكهاتەی عەرەبی "عەبدولحەلیم ئەلعەلی" پلەی دووەمی بەدەست هێنا.
هەروەها لە پارێزگای حەسەكە، پلەكانی یەكەم و دووەم بۆ كاندیدەكانی پێكهاتەی عەرەب بوون و كاندیدی ئەنەكەسە پلەی سێیەمی بەدەست هێنا. لە حەسەكە هیچ كاندیدێكی پەیەدە نەبوو.
لە كاتێكدا لە دێرك دوو كاندید هەبوون، ئەوانیش "ئەحمەد موراد" كە كاندیدی مەزڵووم عەبدی و پارێزگار بوو، لەگەڵ "عەلی ئەلعاید” لە پێكهاتەی عەرەبی كە ئەویش بە تەزكیە سەركەوت.
لە شاری كۆبانێ، كاندیدی ئەنەكەسە "فەرهاد شاهین" پلەی یەكەم و "شواخ عەساف لە پێكهاتەی عەرەبی پلەی دووەمی بەدەست هێنا.
شایانی باسە لە عەفرین كە پێشتر هەڵبژاردنەكان بەڕێوەچووبوو، "شێخ سەید ئیسماعیل زادە" و "محەمەد سەیدۆ" كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، لە پلەی یەكەم و دووەمدا هاتبوون و "ڕەنگین عەبدۆ" كاندیدی سەربەخۆ پلەی سێیەمی بەدەست هێنا.
نوێنەرانی سەركەوتووی كورد لە "ئەنجوومەنی گەل"ی سووریا بریتین لە:
حەسەكە: فەسلە یوسف ـ لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ENKS).
قامیشلۆ: ڕەزوان سەیدۆ – ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ENKS) – لە پارتی یەكسانی. كیم ئیبراهیم – لە كۆمەڵگەی مەدەنی، كاندیدی مەزڵووم عەبدی.
دێرك: ئەحمەد موراد – لە كۆمەڵگەی مەدەنی، كاندیدی مەزڵووم عەبدی.
كۆبانێ: فەرهاد شاهین – ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ENKS) – لە پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا.
عەفرین: شێخ سەعید شێخ ئیسماعیل زادە لە پارتی دیموكراتی كوردستان_ سووریا. محەمەد سەیدۆ لە پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا. ڕەنگین عەبدۆ سەربەخۆیە، باوكی ئەندامی حزبی شیوعیی سووریایە. تەل عەران: عومەر غەریبۆ سەربەخۆ.
لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕۆژئاوای كوردستان كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل بوو، كاندیدەكانی پەیەدە لەلایەن خەڵكەوە متمانەیان پێ نەدرا، ئەوەش بەبۆچوونی چاودێران، بەهۆی ئەوەیە كە بەتەواوی دوورن لە بیری نەتەوەیی و زیاتر بایەخ بە برایەتیی گەلان دەدەن.
هاوكات 21 پارت و ڕێكخراوی ڕۆژئاوای كوردستان، لەبارەی دیاریكردنی ئەندامانی پەرلەمان كە حكوومەتی كاتیی بە ئەنجوومەنی گەل ناوی دەبات، لە بەردەم باڵەخانەی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە.
ڕاگەیەنراوەكە بە زمانی كوردی لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی ژنانی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری پارتی سەوزی دیموكراتیك دەلال هاشم خوێنرایەوە، بە زمانی عەرەبی لەلایەن سكرتێری گشتیی پارتی لیبراڵی كوردستان فەرهاد تێلۆ خوێنرایەوە، پرۆسەكەیان رەت كردەوە و گوتیان شەرعییەتی نییە، هیچ پارتێكی گرنگ و گەورەی رۆژئاوای كوردستان بەشداریی نەكردووە.