دوران كاڵكان: هەر لایەنێك لە ناو توركیادا باسی كورد بكات ئاكەپە پەلاماری دەدات

:: AM:11:25:26/05/2026 ‌
ئەندامی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (مەدیا هەبەر) ڕای گەیاند، هەر لایەنێك لە توركیا باسی كورد بكات، ئاكەپە پەلاماری دەدات.

دوران كاڵكان ئەندامی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە كرد، دوای دیداری 27ی ئادار، گۆشەگیرییەكی ڕەها سەپێنراوە و ئەو نەخشەڕێگە حەوت خاڵییەی كە لە 18ی ئایاردا بەناوی دەوڵەت باخچەلییەوە بڵاو كرایەوە، ڕاستییەكەی پلانی پاكتاوكردنە نەك پڕۆژەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری.

بە بڕوای ئەو ئەندامەی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان، حكوومەتی توركیا لە جیاتی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی لە ئیمراڵی لەسەری ڕێككەوتبوون، پەنایان بۆ هەڕەشە و زمانی رادەستبوون بردووە.

دووپاتی كردەوە كە بزووتنەوەكەیان ستراتیجی خەباتی چەكداریی كۆتایی پێ هێناوە و بژاردەی سیاسەتی دیموكراسی هەڵبژاردووە، بەڵام ئەمە بە مەرجی دابینكردنی پێگەیەكی یاسایی بۆ ئۆجەلان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی بتوانێ وەك كارەكتەرێكی سیاسی خەبات بكات.

دوران كاڵكان داواكارییەكانی باخچەلی بۆ 'گەڕانەوە بۆ ماڵەوە' وەك بێڕێزی بەرانبەر بەو كەسانە وەسف كرد كە ساڵانێكی زۆرە بۆ ناسنامە و ئازادی تێدەكۆشن. ئەو هێرشی توندی كردە سەر بڕیارە دادوەرییەكانی دژ بە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و ئەوەی وەك كودەتایەكی دادوەری ناوبرد.

دوران كاڵكان پێی وایە هەر كاتێك لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا باسی مافی كورد بكات، دەسەڵاتی ئاكەپە لە ڕێگەی دادگاكانەوە پەلاماری دەدات تا ڕێگری لە هەر جۆرە نزیكبوونەوەیەكی دیموكراسییانە بگرێت.

 دەشڵێت: "ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كە دەسەڵات تەنیا دەیەوێ لایەنە ئەرێنییەكانی ئەم پرۆسەیە وەك ئامرازێك بۆ پاراستنی كورسییەكەی بەكار بهێنێت".

ئەندامەكەی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان، پێشبینی دەكات حیساباتەكانی توركیا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا لە دژی بلۆكی ئەمەریكا و ئیسرائیل، تەنیا سیاسەتی خۆپارێزییە و سەركەوتوو نابێت. 

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێران بەرەو گۆڕانكاریی گەورەی دیموكراتی هەنگاو دەنێت، ئەمەش كاریگەرییەكی ئەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت، كە لە كۆتاییدا دەبێتە فشارێكی زیاتر لەسەر عەقڵییەتی ئێستەی حكوومەتی توركیا بۆ قبووڵكردنی چارەسەری سیاسی.



وشە - سۆران عەزیز