شارەزایەك: ئەوەی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران دەیكات ئیدارەدانی ململانێیە

:: PM:05:48:26/05/2026 ‌

لەوەتەی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28 شوباتی رابردوو دەستی پێ كردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا زیاتر لەوەی ئەنجامی دەدات قسە و هەڕەشە دەكات، جارجاریش باسی ئاشتی و رێككەوتن و تەنانەت بە ناوی ئێرانیش قسە دەكات، شارەزایەك پێی وایە ئەوەی ترەمپ دەیكات ئیدارەدانی ململانێیەكەیە بە كەمترین زیان و خەرجی.

عەلی ناسر شارەزای ستراتیجی پێی وایە دواخستنی دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا و رێگرتن لە فرەوانبوونی بازنەی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، مانای بوونی كێشە و بۆشایی لە توانای سەربازی و ئامادەسازی سەربازیی ئەمەریكا نییە، چونكە توانا و دامەزراوەی سەربازیی ئەمەریكا توانای هێرشێكی فرەوان و خێرای لە ماوەیەكی كورت هەیە. 

زیاتر گوتی، بڕیارە سیاسییەكانی واشنتن بە حیساباتی فرەوانتر لە توانای سەربازی تێپەڕ دەبن، بەتایبەتی كە ئیدارەی ئەمەریكی دەزانێت هەر شەڕێكی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران رەنگە لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر ناوچەكە هەبێت، هەڕەشە لە هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی دەكات و چەند بەرەیەكی تری شەڕ لە ناوچەكە دەكاتەوە، بۆیە ئێستە بژارەی گوشاری ئابووری لە شەڕ باشترە.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا پشت بە سیاسەتی ئیدارەدانی گوشارەكان زیاتر لە تێوەگلان لە شەڕێكی درێژخایەن دەبەستێت، بۆیە دواخستنی هێرشەكانی ئەمەریكا بەرجەستەی هەوڵێكی ئەمەریكی دەكات بۆ سوودبینین لە كات و رێكخستنەوەی ئامرازەكانی بەرپەرچدانەوە و كۆكردنەوەی هێزی سەربازی و زانیاریی هەواڵگری و شەكەتكردنی سیاسی و ئابوورییانەی دوژمن، بەر لە چوونە ناو قۆناغێكی تر.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل