عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، حكوومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات و بڕیاری سەربەخۆ.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە X پەیامێكی پیرۆزبایی بە زمانی كوردی ئاراستەی گەلی عێراق و تەواوی موسڵمانان كرد و رای گەیاند، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق و جیهانی ئیسلامی دەكەم.
سەرۆك وەزیران تیشكی خستووەتە سەر ئەو دۆخە هەستیارەی كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت و هیوای خواستووە هاتنەوەی ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری. هاوكات لەم روانگەیەوە دووپاتی لەسەر گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و رێكارە دیپلۆماسییەكان كردووەتەوە، وەك تاكە بژاردە بۆ چارەكردنی كێشەكان، بە دوور لە لۆژیكی شەڕ و دەستدرێژی.
عەلی زەیدی ئەم بۆنەیەی قۆستووەتەوە بۆ دووپاتكردنەوەی هەڵوێستە نەگۆڕەكانی حكوومەتەكەی و رایگەیاندووە، كە حكوومەت پابەندە بە خستنەگەڕی تەواوی تواناكانی لە پێناو پاراستنی ئاسایش، سەروەریی نیشتمانی، و بڕیاردانی سەربەخۆی عێراق.
هەروەها بەڵێنی خزمەتكردنی زیاتری بە رۆڵەكانی گەل داوە، بە شێوەیەك كە شایستەی ژیانێكی شكۆمەندانە بن لە چوارچێوەی عێراقێكی خۆشەویست و سیستەمێكی دیموكراسیی دەستووریدا.