ماڵپەڕی ئەمواجی بەریتانی ئاشكرای دەكات، پێشبینی دەكرێت حكوومەتی عێراق، سزای ئابووری بەسەر میلیشیاكان بسەپێنێت، چونكە دەزانێت رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان مەترسییەكی گەورە لەسەر پێكهاتەی شیعە و دەسەڵاتەكەی لە عێراق دروست دەكات.
ماڵپەڕی ئەمواج بڵاوی كردووەتەوە، واشنتن گومانی لە حكوومەتی عێراق هەیە لە دۆسیەی چەككردنی میلیشیاكان و پێی وایە، حكوومەتی عێراق "كات دەكوژێت" بۆ ئەوەی وادەی سەرۆكایەتیی ترەمپ تەواو بێت.
لەبارەی هەڵوێستی واشنتنیش دەڵێ، "واشنتن وەك یەكەیەك سەیری میلیشیاكانی ناو حەشدی شەعبی دەكات و جیاوازیان لە نێوان ناكات". بەگوێرەی لێكدانەوەی ماڵپەڕە بەریتانییەكە ، ئێستە حكوومەتی عێراق نایەوێ رووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە، چونكە دەزانێ ئەگەری هەیە شەڕێكی ناوخۆ دروست بێت زۆر لە شەڕەكەی 2006 تا 2008 خراپتر بێت، بەڵام ئەمجارە لە ناو پێكهاتەی شیعە دەبێت.
بۆیە پێشبینی دەكرێت حكوومەت لە رووی ئابوورییەوە سزای میلیشیاكان بدات و هاوكارییان نەكات.