ماڵپەڕێكی ئەمەریكی: سەدر میلیشیاكانی سەربە ئێران شەرمەزار دەكات

:: AM:11:18:28/05/2026 ‌
ماڵپەڕی كەناڵی حوڕەی ئەمەریكی دەڵێ‌، بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، میلیشیاكانی سەربە ئێران تووشی شەرمەزاری دەكات و پشتیوانیش لە حكوومەتی زەیدی دەكات.

ماڵپەڕی كەناڵی حوڕە بە پشتبەستن بە لێكدانەوەی چاودێری سیاسی باس لەوە دەكات، هەنگاوەكەی موقتەدا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیای سەرایا سەلام، ئەوا هەنگاوێكی كردەیی دەنێت بۆ ئەوەی میلیشیاكانی سەربە ئێران تووشی شەرمەزاری بكات، چونكە یەكەم رێبەری شیعە دەبێت كە ئامادەیی پێشان دەدات بۆ چەككردنی میلیشیاكان.

بەبڕوای ماڵپەڕەكە، ئەو هەنگاوەی سەدر ئەگەر بە رواڵەتیش بێت، چونكە لە 2022وە بەشێكی زۆری سەرایا سەلام سڕ كراوە، بەڵام رێكارییەكی گرنگ دەبێت بۆ حكوومەتی عەلی زەیدی كە دروشمی ئەوەی بەرز كردووەتەوە دەبێت چەك تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت.

دوێنێ‌ لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان موقتەدا سەدر رای گەیاند، لیواكانی سەرایا سەلام هەڵدەوەشێنەوە و دەخرێنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە ئێستە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانە. سەدر دووپاتیشی كردەوە كە هیچ كەسێك بە جلوبەرگ و ناونیشانی سەربازی لە رەوتەكەی نامێنێت و ئەوانی تریش كە كارمەندی سڤیلن، دەبێت بچنە ریزی رێكخراوی "بونیان مەرسووس" كە رێكخراوێكی كۆمەڵایەتی و خێرخوازییە سەربە سەدر، بەڵام ئەوانیش نابێت بارەگایان هەبێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل