بەرپرسێكی باڵای سووریا: كورد رۆڵێكی گرنگی لە بنیاتنانەوەی وڵاتەكەمان دەبێت

:: PM:02:59:28/05/2026 ‌
ئەنەس عەبدە ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سووریا، دووپاتی دەكاتەوە كە لە داهاتوودا كورد رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە بنیاتنانەوەی سووریا و دەشڵێ‌، "بێ كورد هیچ پرۆسە و ئەزموونێكی سیاسی بۆ بووژانەوەی سووریا سەر ناكەوێت".

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایار، ئەنەس عەبدە لە لێدوانێكیدا بۆ شەفەق نیوز، باس لە گرنگیی رۆڵی كورد دەكات و دەڵێ‌، "كورد رۆڵێكی گرنگی لە بنیاتنانی سووریای نوێ دەبێت، نوێنەرایەتیی ئەوانیش لە پەرلەمانی سووریا تەنیا نوێنەرایەتی بۆ ناوچە كوردییەكان نییە، بەڵكو ئەوان لە نووسینەوەی دەستووریش بەشدار دەبن".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا باس لەوە دەكات، هیچ پرۆسە و ئەزموونێكی سیاسی بۆ بووژاندنەوەی سووریا سەر ناكەوێت ئەگەر كورد بەشدار نەبێت و لە نێوان كورد و عەرەب تێگەیشتنی هاوبەش نەبێت".

لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، چەند جارێك شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزە كوردییەكان و دەسەڵاتی كاتی سووریا رووی داوە، هەر لەو ماوەیەشدا كورد و سووریا كۆمەڵێك رێككەوتنیان كردووە بۆ رێكخستنەوەی پێوەندیی نێوانیان.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل