ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایاری 2026، مستەفا سەنەد وەزیری گەیاندنی عێراق، بەردەستکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بێبەرامبەری لە ناو تەواوی مەزارگە پیرۆزەکانی وڵاتدا ڕاگەیاند.
وەزیری گەیاندن لە لێدوانێکدا ڕوونی کردەوە کە خزمەتگوزارییەکە بەم شێوەیە بەردەست دەبێت: ڕۆژانی پێنجشەم و هەینی لە تەواوی ساڵدا، هەروەها لە کاتی گشت بۆنە ئاینییەکانی وەک یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر، مەبعەسی پێغەمبەر، جەژنی غەدیر، سەردانی شەعبانییە و یادی لەدایکبوون و کۆچی دوایی ئیمامەکان، لەگەڵ ئەوەشدا لە یەکی مانگی موحەڕەمەوە تا کۆتایی مانگی سەفەر بەردەست دەبێت.
سەنەد دووپاتی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی سەردانیکاران و ئاسانکارییە بۆ پێوەندییەکانیان، ئاماژەی بەوەش دا کە وەزارەت کار دەکات بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی لە ناو مەزارگە و شوێنە ئاینییەکان لە پارێزگا جیاوازەکاندا.