یوڤاڵ نوح هەراری نووسەری ناوداری ئیسرائیلی و دنیا بە توندی هێرشی كردە سەر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دەڵێت، "كەس بەئەندازەی ئەو ئیسرائیلی لەناوخۆدا دابەش نەكردووە"، رای گەیاند، ئیسرائیل بەهۆی پاڵپشتی دنیاوە ئەو پێگەیەی بەدەست هێناوە، ئێستە لەئاستی دنیادا متمانەی لەدەست داوە .
نوح هەراری نووسەرێكی گرنگی دنیایە و نووسینەكانی بۆچەندان زمان وەرگێردراون و كاریگەری گەلێك زۆری لەسەر رای گەشتی دنیا هەیە و خوێنەران بەبایەخەوە گوێی بۆ دەگرن.
لە نوێترین لەچاوپیكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی بەوە كرد كە "زۆرێك لە ئیسرائیلییەكان بە سەختی تەنیا دان بەوەدا دەنێن كە فەلەستینییەكان ئازار دەچێژن".
ئاماژەی بەوەشكرد، تەنانەت كاتێك ئیسرائیلییەكان لەڕووی فیكرییەوە لەوە تێدەگەن، زۆرێكیان ناتوانن ڕاستەوخۆ سەیری ئەم ئازارە بكەن.
گوتیشی: "وێنەی منداڵێكی برسی لە غەززە پیشانیان دەدەیت، ئەوانیش دەڵێن: ئەمە هەواڵی ساختەیە. یان یەكسەر گفتوگۆكە دەگۆڕن بۆ شتێكی تر وەك: ئەمە بەهۆی حەماسەوەیە".
نوح حەراری دەڵێت، ئەگەر مرۆڤ پێی وابێت ئیسرائیل بە تەواوەتی ڕاست دەكات و حەماس بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت لە بەرانبەر ئەو شتانەی لە غەززە ڕوودەدەن، دەبێت بتوانێت ئاوڕێك لە دەرئەنجامەكانی بداتەوە.
ئەو گوتی "ئەگەر ئەوەندە ڕاست بێت، ئەگەر ئەوەندە ئەخلاقی بێت، پێویستە ئاسان بێت بۆت كە سەیری دەرئەنجامەكانی دادپەروەری بكەیت، بەڵام زۆر كەس بەسادەیی ناتوانن ئەوە بكەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ئیسرائیل دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەك بەكارناهێنێت كە بتوانێت ڕێككەوتن لەگەڵ فەلەستینییەكان دروست بكات. "دەبێت تا ڕادەیەك پشت بە هێز ببەستیت بۆ دڵنیابوون لەئاسایشت، بەڵام بەسادەیی ناتوانێت ئەمە تاكە شت بێت." ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هێز تاكە گەرەنتی ئاسایش بێت، "لە كۆتاییدا دەبێت هەموو جیهان داگیربكەیت، من ناڵێم ئیسرائیل سوپاكەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام باشترە هەم سوپایەكی بەهێزو هەم ڕێككەوتنی ئاشتی هەبێت نەك تەنیا یەكێكیان".
لەبارەی حەماسیشەوە گوتی، لە حەوتی تشرینی یەكەمدا حەماس توانی سەركەوتنێكی سەربازی سەرسوڕهێنەر بەدەستبهێنێت بەسەر سوپای ئیسرائیلداو ئیسرائیل زەلیل بكات". حەماس دەیتوانی سەركەوتنێكی سیاسی و جیۆپۆلەتیكی زۆر گەورەتر بەدەستبهێنێت ئەگەر "تەنیا شتێكی جیاوازتری كردبایە، "بارمتە مەدەنییەكانی ببەخشیایە و یاری بەژیانیانەوە نەكردایە".
گوتی لەو حاڵەتەدا حەماس سەربازەكانی وەك دیلەكانی جەنگ دەگرت، "كە ئەمەش شتێكی شەرعییە"، بەڵام زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی نەدەگەیەنێت. لە سیناریۆیەكی لەو جۆرەدا دەستی ئیسرائیل بەسترابوو، هەردوو ڕای گشتی جیهانی و ئیسرائیل ڕێگەیان نەدەدا غەززە بەو قەبارەیە بۆردومان بكات.
هەراری دەڵێت، "لە جیهانێكی ئاوادا، شەرعیەتێكی زۆر كەم دەبوو بۆ وەڵامدانەوەی سەرسەختی ئیسرائیل دژی غەززە، حەماسیش سەردەكەوت، نەك تەنیا سەركەوتنێكی تاكتیكی بەڵكو سەركەوتنێكی سیاسی گەورە. ئەوە ڕووی نەدا، تەنیا بەهۆی دڕندەییەكەیانەوە."
گوتی ئیسرائیل "بە شێوەیەكی تاكتیكی لە هەموو ئەو شەرانەی لەم ماوەدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام شتێكی گەورەی لەدەستدا: ئەو چیرۆكەی كە شەرعیەتی لە جیهاندا پێبەخشی، ئەویش پشتیوانی نێودەوڵەتییە.”
ئاماژەی بەوەشكرد، "پێموایە ئیسرائیل گرەوێكی گەورە دەكات لەسەر ئەوەی جیهانبینی ستیڤن میلەر ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا كە جووەلای ئەو جیهان دەبێتە شوێنێك كە دەسەڵات تاكە شتە گرنگە، ئیسرائیلیش یەكێك دەبێت لە پاڵەوانەكانی ئەو جیهانبینییە. ئەوە ئەو گرەوەیە كە حكوومەتی نەتانیاهۆ دەیكات".