ئەمەریكا و ئێران لە رێككەوتن نزیكن

:: PM:05:09:29/05/2026 ‌

هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل بەردەوامە، بەپێی چەند سەرچاوەیەك تاران و واشنتن بە رێككەوتنێك گەیشتوون بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەست و رێگەدان بە دەست پێكردنەوەی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و لابردنی گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران و لابردنی بەشێك لە سزكانی ، بەڵام هێشتا رێككەوتنەكە دوایین دەقی نەهاتووەتە داڕشتن.

ئەو رێككەوتنە ئەگەر بێتە راگەیاندن دەبێتە هەنگاوێكی گەورە بەرەو كۆتاهاتنی شەڕ لە ناوچەكە، دوای وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیسانی رابردوو، یەكەم گەڕی دانوستانی ئێران و ئەمەریكا لە ئیسلام ئاباد بە ناوەندگیریی پاكستان لە 11ی نیسان دەستی پێ كرد، لەو ساتەوە ئەوان بە رێككەوتن نەگەیشتوون، دوێنێ چەند سەرچاوەیەك بە "رۆیتەرز"یان راگەیاند، هەردوو وڵات لەسەر یاداشتێكی لێكگەیشتن بۆ وەستانی شەڕ رێك كەوتوون، رێگە بە دانوستانكاران بدەن لە ماوەی 60 رۆژ بەن رێككەوتنی كۆتایی بگەن. 

بەپێی سەرچاوەكان هێشتا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەزامەندی لەسەر یاداشتەكە نەداوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، هێشتا بە رێككەوتنی سەرەتایی نەگەیشتووین، بەڵام زۆر لێوەی نزیكین و كاری بۆ دەكەین، ئەگەرچی هێشتا ئێران بە فەرمی هیچی لەبارەی یاداشتەكە نەگوتووە، بەڵام ئاژانسی "تەنسیم" دەڵێت، تا ئێستە دوایین رەشنووسی یاداشتەكە نەنوسراوەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل