ترەمپ: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبەین

:: PM:06:07:29/05/2026 ‌

لە نوێترین پێشوەچوونەكان سەبارەت بە شەڕی ئێران، دۆخەكە لەسەر رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەبارەت بەوەی هەردوو وڵات لەسەری رێككەوتوون ماوەتەوە، لە نوێترین لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە بۆ بڕیاردان لەبارەی ئێران لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی ترەمپ لە پۆستێك لە ترووس سۆشیال رای گەیاند، پارە بلۆككراوەكانی ئێران تا ماوەیەكی تر نایەتە ئازادكردن، بەڵام گەمارۆ دەریاییەكەی سەر بەندەرەكانی ئێران لادەبرێن، چەندان مینمان لە گەرووی هورمز لابردووە و دەبێت ئێران ئەوانیتر لابدات. 

ترەمپ گوتی، پێویستە راستەوخۆ گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریایی بكرێتەوە بێ سەپاندنی رسووماتی تێپەڕبوون، ئەو كەشتیانەشی بەهۆی گەمارۆ دەریاییەكە پەكیان كەوتووە، دەتوانن لەگەڵ لابردنی گەمارۆكە بگەڕێنەوە، پێویستە گەرووی هورمز بە هەردوو ئاراستە بكرێتەوە.

دووپاتی كردەوە، هەموو مینە دەریاییەكان دێنە لابردن، هێزەكانی ئەمەریكا چەندان مینیان تەقاندووەتەوە و ئێرانیش ئەوانیتر لادەبات، پێویستە ئێران بەوە رازی بێت كە هەرگیز نابێتە خاوەن بۆمب یان چەكی ئەتۆمی، ئەو تۆزە ئەتۆمیەشی لەژێر زەوییە لە ئێران، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەردەهێنرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل