یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران یەكێكە لە كێشە گەورەكان و بەربەستەكانی بەردەم رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا، كاتێك ئەمەریكا سوورە لەسەر دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوە و ئێرانیش رەتی دەكاتەوە بە ئەمەریكای بدات، لەو ناوەدا لە دوای رووسیا و چین، باسی كازاخستان دەكرێت كە پێشنیازی وەرگرتنی كردووە.
رۆژنامەی
"فاینانشیەڵ تایمز"ی ئەمەریكی لە سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتی گواستەوە كە كازاخستان پێشنیازی بۆ وەرگرتنی ئەمباری ئێران لە یۆرانیۆم كردووە، رافاییل گرووسی سەرۆكی ئاژانسەكە دەڵێت، كازاخستان ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەمباری ئێران لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لە حاڵەتی گەیشتنی تاران و واشنتۆن بۆ رێككەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەربڕیوە.
گرووسی بە رۆژنامەی گوتووە، لە میانەی دیداری لەگەڵ قاسم جومارت تۆكاییڤ سەرۆكی كازاخستان لە ئەستانە، دووپاتی كردووەتەوە كە ئامادەن بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی ئێران، كە پێشتریش رووسیا چەند جارێك ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی دووپات كردبووەوە و بەم دواییەش راپۆرتاەكانی هەواڵ باسیان كرد كە ئێران دەیەوێ بیدات بە چین، بەهۆی نەبوونی متمانەی بە ئەمەریكا.