لە كاتێكدا دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە شوێنی خۆی وەستاوە و هیچ پێشكەوتنێك نابینرێت، هەندێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژە بەوە دەدەن كە كێشەكە لە نێوان بەرپرسانی ئێراندایە و توندڕۆكانی ئێران ئاستەنگ بۆ رێككەوتن دروست دەكەن.
پێگەی
"عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 30ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی وەستانی دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بەرپرسانی ئەمەریكا بۆ رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" دەڵێن، ئەوەی رێككەوتنەكەی وەستاندووە و پێش ناكەوێت، توندڕۆكانی ئێرانن كە ئاستەنگ دروست دەكەن، ئەگەر نا مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران، تووشی شەڕێكی رژدی سیاسی لە دژی راگەیاندنی حكوومەتەكەی بووە، بەوەی ئەوان رێكلام بۆ رێككەوتنەكە دەكەن و لە دژی دەوەستنەوە.
ئاماژە بەوە دراوە كە تندڕۆكانی ئێران وەك ئیبراهیم عەزیزی سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمان، هەروەها عەلی باقر كنی یاریدەدەری ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاستەنگ بۆ رێككەوتنەكە دروست دەكەن.
رۆژنامەكە زیاتر دەڵێت، باقر كنی تاكە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییە كە رەتی كردووەتەوە واژوو لەسەر نامەیەك بكات كە ئاراستەی موجتەبا خامنەیی كراوە لەبارەی پشتگیریی رێككەوتن. هاوكات باقر كنی، باقر قالیبافی تۆمەتبار كردووە بەوەی بەرانبەر بە ئەمەریكاییەكان ئاسانكاریی زۆر دەكات، هاوكات بەشداریی لە نامەیەك بۆ میدیاكان كردووە كە گوایە رێككەوتن شكستی هێناوە.
ئەوە لە كاتێكدایە كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئیدارەكەی كە دوێنێ هەینی كرا، هیچ بڕیارێكی تێدا نەدرا. بەرپرسێكی كۆشكی سپی بۆ "عەرەبیەی ئینگلیزی" روونی كردووەتەوە، ئێران بەهیچ شێوەیەك نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، بۆیە ترەمپ لەسەر رێككەوتنێك رازی نابێ ئەگەر لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا نەبێت.