گرنگترین بڕگەكانی رێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا

:: PM:05:44:30/05/2026 ‌

دوێنێ جارێكی تر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە تویتێك ئاڵۆزی و خستە ناو میدیاكانی دنیا پێوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێككەوتن لەگەڵ ئێران، ئەو باسی چەند بڕگەیەكی رێككەوتنی چاوەڕوانكراوی هەردوولای كرد، جیا لەوەی باسی كۆبوونەوەیەكی كرد بۆ بڕیاردان لەبارەی رێككەوتنەكە، بەڵام ئێران گەیشتنی دانوستانەكان بە رێككەوتن و بەشێكی قسەكانی ترەمپی رەت كردەوە.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە ژمارەیەك سەرچاوەی نزیك لە دانوستانەكانی دوایی ئێران و ئەمەریكای گوستەوە كە باسی چەند بڕگەیەكی سەرەكیی ئەو رێككەوتنەیان كرد كە بڕیارە لە نێوان واشنتن و تاران بێتە راگەیاندن و لەسەر رەزامەندیی ترەمپ و موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران ماوە، ئەوان دەڵێن رێككەوتنە سەرەتاییەكە یان یاداشتە لێكگەیشتنەكە چوارچێوەیەكی سەرەتاییە بۆ دانوستانێكی فرەوانتر و رژدتر لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی و سزاكانی ئەمەریكا لەسەر تاران. 

بەپێی ئەو بەرپرسانە رێككەوتنە سەرەتاییەكە چەند بڕگەیەكی لەخۆ گرتووە، لەوانە وەستانی شەڕی ئێران و لە هەموو بەرەكانی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە لبنان، وەستانەكە بۆ 60 رۆژ دەبێت و ئەگەری درێژكردنەوەی هەیە، ئێران رازی بووە بە كردنەوەی گەرووی هورمز وەك پێشوو بۆ ماوەی 30 رۆژ و دەستكردن بە لابردنی مینە دەریاییەكان، لەو ماوەیەدا هەردوولا دانوستان لەسەر رێككەوتنی كۆتایی دەكەن، ئێران و ئەمەریكا لەو بڕگەیە ناكۆكن و هێشتا یەكلایان نەكردووەتەوە، بۆیە پێشنیاز كراوە ئەو بابەتە دوا بخرێت. 

رێككەوتنەكە دامەزراندنی سندووقێك بۆ وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی ئێران لەخۆ دەگرێت، بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئێران، ئەوەش لە حاڵەتی واژووكردنی رێككەوتنی كۆتایی، دواخستنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، واتە دانوستان لەسەر چارەنووسی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی تاران بۆ قۆناغی داهاتوو، ئازادكردنی بە هەنگاوی بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران، كە ئەوەش خاڵێكی تری ناكۆكە و هێشتا یەكلا نەبووەتەوە، تاران داوا دەكات گەرەنتی بۆ پابەندبوونی واشنتن بە رێككەوتنەكە هەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل