راپۆرتێك: ئێران مووشەكێكی چینی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمەریكییەكە بەكار هێناوە

:: PM:05:56:30/05/2026 ‌
لە مانگی نیسانی رابردوو و لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییە 40 رۆژییەكی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، فڕۆكەیەكی جەنگیی ئەمەریكی لە جۆری ئێف15 لە باشووری رۆژئاوای ئێران كەوتە خوارەوە، ئەگەرچی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا دوو فڕۆكەوانەكەیان لە ئۆپراسیۆنێكی مەترسیدار رزگار كرد، بەڵام راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن ئەگەری هەیە ئێران مووشەكێكی پێشكەوتووی چینی بۆ خستنەخوارەوەی بەكار هێناوە و ئەوان لێكۆڵینەوە دەكەن.

بەپێی بەرپرسێكی ئەمەریكی، ئەگەری هەیە چین هەر لە رۆژانی یەكەمی شەڕەكەوە، جیا لە مووشەك، راداری زوو ئاشكراكردنی دوورمەودای بە ئێران دابێت بۆ ئاشكراكردنی فڕۆكەكانی تارمایی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بۆیە تا ئێستە بەرپرسانی ئەمەریكا لێكۆڵینەوە لە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییە ئەمەریكییەكە دەكەن، كە یەكەمینە لە ماوەی چەندان ساڵ كە فڕۆكەیەكی جەنگیی ئەمەریكی لە لایەن دوژمنانەوە بخرێتە خوارەوە.

سەرەتای ئەم مانگە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆركی ئەمەریكا چینی بە رێگەدان بۆ سوودبینین لە مانگە دەستكردەكانی بۆ یارمەتیدانی بۆ كردنەئامانجی هێزەكانی ئەمەریكا تۆمەتبار كرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش سزای خستە سەر سێ كۆمپانیای چینی تایبەت بە مانگە دەستكردەكان، بەهۆی یارمەتیدانی ئێران لە شەڕ و هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل