چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چەند پرسێكی گرنگ كۆ دەبێتەوە

:: PM:06:38:30/05/2026 ‌

رووداوە گەرمەكانی عێراق لە دوای جەژن دەست پێ دەكەن، بڕیارە پەرلەمان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی ساز بكات، ئەوەش دوای سازانی هێزە سیاسییەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكان، جیا لە دەستكردن بە جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتی عەلی زەیدی و لە سەروویانەوە بابەتی داماڵینی چەك، بۆیە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران كۆ ببێتەوە.

سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو سەركردەكانی چوارچێوە كۆ ببنەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ بكەن لەوانە داماڵینی چەكی نایاسایی و هێشتنەوەی لای دەوڵەت و بڕیارەكەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە لەبارەی سرییەكانی سەلام، لەو كۆبوونەوەیە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادە دەبێت.

بەپێی سەرچاوەكە كۆبوونەوەی چوارچێوە سێ تەوەری سەرەكی دەبێت، تەواوكردنی بەركەوتەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكان و پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكوومەت و رێككەوتن لەسەر وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدانی نوێ، تاوتوێكردنی بڕیارەكەی موقتەدا سەدر لەبارەی سرییەكانی سەلام و خستنەسەری ئەو گرووپە بۆ سەر هێزە تەناهییە فەرمییەكان و سێیەم بابەتی میلیشیاكان و چارەنووسی حەشدی شەعبی.

ئاماژەی كرد، پێشنیازێك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی وەزارەتێكی تەناهی هەیە كە حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانی سنوور لەخۆ بگرێت، پێشنیازێكی تریش هەیە كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بخرێنە سەر هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل