فڕۆکەیەکی ئەمەریکی کەشتییەکی لە کەنداوی عومان پەکخست

:: PM:08:36:30/05/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 30ی ئایاری 2026، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاوی کردەوە کە سوپای ئەمەریکا کەشتییەکی بازرگانیی ڕاگرتووە لە کاتی هەوڵدانی بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.

ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە گواستیەوە کە کەشتییەک کە ئاڵای گامبیای هەڵکردبوو، لە کاتی هەوڵدانی بۆ چوونە ناو بەندەرێکی ئێرانی لە شەودا، چەندان هۆشداریی هێزەکانی ئەمەریکای پشتگوێ خستووە. ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە ڕوو کە فڕۆکەیەکی ئەمەریکی کەشتییەکەی لە کەنداوی عومان پەکخستووە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بچنە سەر کەشتییەکە.

بەپێی ئاژانسە ئەمەریکییەکە، بەم ڕێکارە سوپای ئەمەریکا شەش کەشتیی ڕاگرتووە کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکەیان داوە، لە کاتێکدا تەنیا یەک کەشتی توانیویەتی تێپەڕ بێت.

پێشتر لە ئەمڕۆدا، پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە گەرووی هورمز بەبێ باج کراوە دەبێت و هەمووان دەتوانن بەکاری بهێنن، لە بەرانبەردا ئێران هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییانەی کرد کە سەرپێچیی یاساکانی تێپەڕین لە گەرووەکە دەکەن.

جێی باسە، ئەمەریکا لە 17ی نیسانی ڕابردوو گەمارۆکەی سەپاند، ئەمەش لە وەڵامی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە 28ی شوباتی 2026.


وشە - پۆڵا مەحموود