ئەمەریکا هەزاران سەرباز لە ئەوروپا دەكشێنێتەوە "بەهۆی ناكۆكییەكانیانە لەبارەی شەڕی ئێران"

:: PM:08:38:30/05/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 30ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی "فێڵت ئەم زۆنتاگ"ی ئەڵمانی ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا پلانی هەیە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە بنکەکانی ئەورووپا خێراتر بکات.

واشنتن لە مانگی ئایاردا پلانی کشانەوەی 5000 سەربازی لە ئەڵمانیا ڕاگەیاند، کە زۆر کەس پێیان وایە ئەمە دەرەنجامی ئەو ناکۆکییانەیە کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپادا لەسەر شەڕی ئێران دروست بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەڵمانیا میوانداریی نزیکەی 35,000 سەربازی ئەمەریکی دەکات کە لە خزمەتی سەربازیی کارادان، ئەمەش گەورەترین ژمارەی سەربازی ئەمەریکایە لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپادا. لەو کاتەشدا پێنتاگۆن ڕای گەیاندبوو کە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی کشانەوەکە لە ماوەی شەش بۆ 12 مانگدا تەواو ببێت.

ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە هیچ وردەکارییەکی نەخستووەتە ڕوو لەبارەی ئەوەی کە پرۆسەکە چەند خێرا دەکرێت یان کام بنکە و ناوچانە دەگرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارە ئەمەریکا لە مانگی داهاتوودا لە میانی کۆنگرەی پێکهێنانی هێزەکان کە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕێکی دەخات، پلانەکانی بخاتە بەردەم هاوپەیمانەکانی.


وشە - پۆڵا مەحموود