شارەزایەك: زەیدی پاڵپشتییەكی گەورەی بۆ داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە

:: PM:08:48:30/05/2026 ‌

داماڵینی چەكی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دوو خاڵی سەرەكی بوون لە كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق كە لە 14ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی دەنگی پێ دراو پەسند كرا، خەریكە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بۆ هەردوو دۆسیە دەبات، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ زەیدی بەرانبەر بەو دوو دۆسیە هەیە.

د. غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوەی ستراتیجی دەڵێت، یەكێك لە گەورەترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم حكوومەتی عەلی زەیدی دۆسیەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەیەكی لای دەوڵەت، كە دۆسیەیەكی هەستیار و ئاڵۆزە و راستەوخۆ پێوەندی بە داهاتووی دەوڵەتی عێراق و سەروەرییەكەی هەیە، بڕیارە ستراتیجییەكی موقتەدا سەدر لەبارەی دەستبەرداربوونی لە سرییەكانی سەلام، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی چاەرەسەركردنی چەكی بەرەڵا و گرووپە چەكدارەكان و لكاندنیان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت.

روونی كردەوە، بنیاتنانی دەوڵەتێكی هاوچەرخ و سەقامگیر بە بوونی دەیان گرووپی چەكداری سەر بە لایەنی جۆراوجۆر ناكرێت، بەتایبەتی لە سایەی جیاوازی ئەوان سەبارەت بە بڕیاری شەڕ و ئاشتی، بوونی ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كێشەیەكی گەورەیە بۆ دەوڵەت و سەروەرییەكەی، دەوڵەتی عێراق پێویستی بە بوونی دەیان گرووپی چەكدار نییە كە خاوەنی جبەخانە و مووشەك و درۆنن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بۆیە داماڵینی چەكی ئەوان پێویستییەكی دەستووری و سەروەرییە.

سەبارەت بە نەهێشتنی گەندەڵی فەیسەڵ گوتی، دامەزراندنی دەستەیەكی چاودێری بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئاڵنگاریی راستەقینە بریتییە لە كاراكردنەوەی دامەزراوەكانی چاودێری و دادوەری، چونكە عێراق لە 2003ەوە نزیكەی 1.5 ترلیۆن دۆلاری بەهەدەر دراوە، لە رێگەی گرێبەست و كۆمپانیای وەهمی و پرۆسەی فرەوانی گەندەڵی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل