یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رای گەیاند، قەڵای شەقیفی لە باشووری لبنان گرتووە كە بە قەڵای مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 31ی ئایار، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێكی فراوانی لەسەر خاكی لبنان راگەیاند، دواتر یسرائیل كاتس ئاشكرای كرد، هێزەكانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر بەرزاییەكانی شەقیفدا گرتووە كە بەگوتەی كاتس ئەمە شوێنێكی ستراتیجییە.
قەڵای شەقیف شوێنێكی مێژووییە، دەیان ساڵ كێشەی لەسەر هەیە و زاڵبوون بەسەر ئەو قەڵایە، بە مانای بەدەستهێنانی پێگەیەكی ستراتیجی دێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێ، "سوورین لەسەر وردوخاشكردنی حزبوڵا و تەواوكردنی ئەركەكەمان، دوژمنانمان یەك لە دوای یەك پێگە ستراتیجییەكانیان لە دەست دەدەن".
قەڵای شەقیف 717 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، سەتان ساڵ لەمەوبەر لەلایەن رۆمەكانەوە دروست كراوە.