هێزێكی تەناهی تایبەت هەڵیانكوتایە سەر ماڵی حەسەنین سوودانی و گرتیان، كە پێشتر لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كاری دەكرد.
ئەمڕۆ یەكشەم 31ی ئایار، قوسەی شەفیق رۆژنامەنووسی عێراقی ئاشكرای كردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی تەناهی تایبەت لە بەغدا، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی حەسەنین سوودانی و گرتوویانە.
پێشتر حەسەنین سوودانی لە نووسینگەی تایبەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كاری كردووە و تا ئێستە هۆكارەكەی ئاشكرا نەكراوە.
هەندێك لە ماڵپەڕە عێراقییەكان، گرتنی حەسەنین سوودانیان بە گرتنی عەدنان حەمەد بەستووەتەوە، كە دوێنێ لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە لە پارێزگای سەڵاحەدین گیرا. بە فەرمی زانیاری ئەوە ئاشكرا كرا عەدنان حەمەد كە پێشتر بەڕێوەبەری كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكور بووە و هەروەها بریكاری وەزارەتی نەوت بووە، بە تۆمەتی گەندەڵی گیراوە.
بەڵام تا ئێستە زانیاری فەرمی لەسەر گرتنی حەسەنین سوودانی بڵاو نەكراوەتەوە.