بەپێی سەرچاوەیەكی سیاسی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی لە ئەمەریكا بەدەست گەیشتووە، تیایدا واشنتن رەتی كردووەتەوە كە هیچ گرووپێكی چەكدار بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بكات، تەنانەت ئەگەر چەكەكانیان دابماڵن یان واز لە كاری سەربازی بێنن.
بەپێی سەرچاوەكە، پەیامەكەی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە پێدانی هەر پۆستێكی ویزاری یان پێگەیەكی باڵای حكوومەتی بە میلیشیاكان یان كەسانی نزیك لەوان، لە لایەن ئەمەریكا و رۆژئاوا رەت دەكرێتەوە و بەرەو دابڕانێكی سیاسییانە و ئیدارییانەی ئەو وەزارەتە دەچێت، ئەو كارە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر تەواوی پێوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا دەبێت، جیا لە هاریكاری لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەقی پەیامەكەی ئەمەریكای بۆ هێزە سیاسییە بەشدارەكان لە دانوستانی پێكهێنانی حكوومەتەكەی گواستووەتەوە، بەتایبەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئێستە ئەوان لە گفتوگۆیەكی چڕ دان لەبارەی ڤیتۆی نوێی ئەمەریكا بەرانبەر بە بەشداریكردنی میلیشیاكان لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكان بەنیاز بوون چەند پۆستێكی ویزاری بە گرووپە چەكدارەكان بدەن لە دوای راگەیاندنی داماڵینی چەكەكانیان لە رۆژانی داهاتوو، بەڵام ئەو هەڵوێستەی دوایی ئەمەریكا كارتەكانی تێكەڵ كردەوە و دەرگەیەكی نوێی لە مشتومڕی بە رووی ناوخۆی عێراق كردەوە، یەكێك لەو لایەنانەی بەنیاز بوو لە دوای رادەستكردنی چەكەكانی پۆست وەربگرێت، عەسائیب ئەهلولحەقە.
شایەنی باسە بڕیارە لە ماوەی ئەم چەند رۆژە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببێتەوە، لەوانە تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەت و دیاریكردنی وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و چارەنووسی حەشدی شەعبی، هاوكات بڕیارە زەیدی لەگەڵ فەرماندەی سەربازی و تەناهییەكان و ئەو گرووپە چەكدارانە كۆ ببێتەوە كە بە نیازن چەكەكانیان رادەستی حكوومەتی عێراق بكەنەوە.