دووەم بەرپرسی كەرتی نەوتی عێراق هاتە گرتن

:: PM:05:11:31/05/2026 ‌

رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیی دارایی و ئابووری یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەم هێزێكی تەناهی لە بەغداوە بەرەو پارێزگای سەڵاحەدین چوو و بەڕێوەبەری دارایی كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكوریان لە شارۆكەی بێجی لە باكوری پارێزگاكە گرت.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی، هێزە تەناهییەكە هەڵیان كوتایە سەر بارەگەی كۆمپانیاكە لە بێجی و بەڕێوەبەری بەشی دارایی كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكوریان لەناو پاڵاوگەی بێجی گرت، ئەویان بەرەو بەغدا برد بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوە لەگەڵی و وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بەرانبەری، سەبارەت بە هۆكاری گرتنی گوتی، تا ئێستە بەفەرمی هیچ لەبارەی ئەو بابەتەوە نەهاتووەتە راگەیاندن.  

هەر بەپێی سەرچاوەكە پرۆسەی گرتنی ئەو بەرپرسەی كۆمپانیاكانی پاڵاوگەكانی باكور لە ناو پاڵاوگەی بێجی ئەنجام دراوە لەناو رێوشوێنی توندی تەناهی و بێ هیچ كێشەیەك.

ئەمە و دوێنێ شەموو هێزێكی تایبەتی تەناهی عەدنان حەمەد حەموود بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكور و پاڵاوگەی بێجیان بە تۆمەتی گەندەڵی گرت، پرۆسەكە لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجام درا و لە دوای راگەیاندنی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هات بە دەست پێكردنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێوردبوونەوە لە گرێبەستە حكوومەتییەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل