لە 14ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دەنگی لە سەر 14 وەزارەتی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی و كارنامەی حكوومەتەكەی دا، بەو پێیەی لە دوای پشووەكانی جەژن كابینەكە تەواو بكرێت، كە لە 23 وەزارەت پێك هاتووە، بەپێی سەرچاوەكان ناكۆكی لەسەر ئەو پۆستانەی ماون بەردەوامە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كۆ دەبێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت سێشەمی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی پێكهاتەی كابینەی زەیدی ساز بكات، كە هێشتا بەدەست بەتاڵی چەند وەزارەتێكی گرنگ دەناڵێنێت، لەوانە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، ئەوەش بەهۆی ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان لەبارەی ئەو كاندیدانەی بۆ پۆستەكان دیاری كراون و ئەو لایەنانەی دیارییان كردوون.
بەپێی
سەرچاوە سیاسییەكان، سێشەمی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان و دیاریكردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ تەواوكردنی دەنگدان لەسەر كابینەی حكوومەتی نوێ كۆ دەبێتەوە، سەرچاوەیەك لە چوارچێوەكە ئاشكرای كرد كە سەبارەت بە شیعە، هێشتا ناكۆكی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە و سوننەش لەسەر وەزارەتەكانی بەرگری و پلاندانان، هەروەها لەسەر كاندیدی كریستیان بۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، بەڵام هەوڵ هەیە ئەو ناكۆكییانە لە ماویە هەفتەیەك و دووان چارەسەر بكرێت و رەنگە كاندیدی پێشتری هەندێك وەزارەت بگۆڕدرێن.