كابینەی حكوومەت تەواو نەكراوە و پەرلەمان دەچێتە ناو پشووی یاسادانان

:: PM:09:15:31/05/2026 ‌

لە 14ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق تەنیا دەنگی لەسەر 14 وەزارەتی كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق دا و هێشتا چەند وەزارەتێك بە بەتاڵی ماونەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە دوای جەژن و لە دوای سازانی هێزە سیاسییەكان لەسەر كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكان، پەرلەمانی دەنگ لەسەر وەزیرەكان بدات و كابینەكە تەواو بێت، بەپێی سەرچاوەكان ناكۆكیی سیاسی لەسەر پۆستەكان بەردەوامە و سبەی پەرلەمان دەچێتە ناو پشووی یاسادانانی خۆی.

بڕیارە سبەی دووشەم پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی مانگێك بچێتە ناو پشووی یاسادانانی خۆی، لەوكاتەی تا ئێستە هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی بەردەوامە، بۆیە تەواوكردنی كابینەكە كەوتووەتە بەردەم دوو بژارە، ئەوە دوای تەواوبوون و بەئامانجگەیشتنی گفتوگۆ سیاسییەكان لە رۆژانی داهاتوو.

عامر فایز سەرۆكی بارستەی تەسمیم ئاماژە دەكات، حكوومەت سوورە لەسەر تەواوكردنی كابینەكە و دیاریكردنی وەزیرانی وەزارەتە بەتاڵەكان لە ماوەی رۆژانی داهاتوو، بەڵام تا ئێستە ناوی كاندیدان نەگەیشتووەتە پەرلەمان، لەوكاتەی بڕیارە سبەی دووشەم یەكی حوزەیران پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی مانگێك بچێتە ناو پشووی یاسادانانی خۆی.

روونی كردەوە، لە حاڵەتی تەواوبوونی ناوەكان و ئامادەبوونیان، دەكرێ سەرۆكی پەرلەمان بانگەشەی ئەندامەكان بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی بكات، ئەگەر نیسابی یاسایی ئامادەبوون تەواو بێت، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر كاندیدە نوێكان بدرێت، ئەگەر نیساب تەواو نەبوو، دەنگدان دەكەوێتە دوای پشووی یاسایی پەرلەمان، واتە دوای مانگێكی تر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل