ئەمڕۆ یەکشەم 31ی ئایاری 2026، سەرۆکایەتیی سووریا ڕای گەیاند کە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجام دا.
لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی سووریادا هاتووە، هەردوو سەرۆک لە میانی پێوەندییەکەدا تاوتوێی پێوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکەیان کرد، هەروەها باسیان لە ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش کرد بە شێوەیەک کە پاڵپشتی لە سەقامگیریی سووریا بکات و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی ڕێڕەوی بووژانەوەی ئابووری لە قۆناغی داهاتوودا بکات.
بەپێی بەیاننامەکە، شەرع لە پێوەندییەکەدا دووپاتی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ سووریا لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەدا کردەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە هەڵگرتنی ئەوەی ماوەتەوە لە سزاکان، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئابووریی سووریا بتوانێت چالاکییەکانی بەدەست بهێنێتەوە و بارودۆخی بژێویی هاووڵاتییان باشتر بکات، کە ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ وەبەرهێنان و ڕەخساندنی ژینگەی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پڕۆژە ئابووری و گەشەپێدانەکان بۆ ناو کەرتە گرنگە جیاوازەکان.
هەروەها هەردوولا باسیان لە دۆخی تەناهیی ناوچەکە و ئەو ئاڵەنگارییانە کرد کە بەهۆی گرژییە هەرێمییەکانەوە دروست بوون، شەرع دووپاتی لە گرنگیی زاڵکردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی و گفتوگۆ کردەوە بە شێوەیەک کە بەشداری بکات لە بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتیی هەرێمی و ناوچەکە لە هەڵکشانی زیاتر بپارێزێت.
لە لای خۆیەوە و بەپێی ئەوەی سەرۆکایەتیی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ گرنگیدانی خۆی بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەربڕی، و دووپاتی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی سووریا کردەوە.
لە کۆتایی پێوەندییەکەدا، هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی پێوەندی و هاوئاهەنگی و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە کردەوە کە جێی بایەخی هاوبەشن، بە شێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت و بەشداری بکات لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.