چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چەند پرسێكی گرنگ كۆ دەبێتەوە

:: PM:05:32:01/06/2026 ‌

تا ئێستە كابینەی حكوومەتەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەواو نەبووە، جیا لەوە ئەمەریكا گوشارێكی تەواو لە زەیدی دەكات بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاكان بە هەموو شێوەیەك لە حكوومەتەكەی، هاوكات تا ئێستە ناكۆكی و ململانێی هێزە سیاسییەكان لەسەر ئەو پۆستانەی ماون بەردەوامە، ئەوانە و چەند پرسێكی تر وا دەكەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت لە سەرووی كارنامەی كۆبوونەوەكەی چوارچێوە دەبێت، جیا لە بابەتی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكە و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دیاریكردنی وادەیەك بۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكان.  

شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو چەند گۆڕانكارییەك لە عێراق روویان داوە كە ناو ماڵی شیعەی سەرقاڵ كردووە، بەشێك لە میلیشیاكان بۆ لابردنی ناویان لە لیستی سزای ئەمەریكا و لابردنی ڤیتۆی بەشداریكردنیان لە حكوومەت بە داماڵینی چەكەكانیان رازی بوونە، رەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر بڕیاری دا سرییەكانی سەلام لە خۆی داببڕێت و بیانخاتە سەر دەوڵەت، ئەمەریكا پەیامێكی بۆ زەیدی لەبارەی میلیشیاكان رەوانە كردووە و دێڤید پترایۆس سەردانی عێراقی كرد، جیا لە هەموو ئەوانە ئێران بە داماڵینی چەكی میلیشیاكان رازی نییە و ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان لەسەر ئەو پۆستانەی ماون بەردەوامە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل