لە دوای بێئومێدبوونی لە داماڵینی چەكی حزبوڵا و دوورخستنەوەی لە سنوورەكانی ئیسرائیل لە لایەن حكوومەت و سوپای لبنان، هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەكانی لەگەڵ حكوومەتی لبنان لە واشنتن، سوپای ئیسرائیل جیا لە هێرشە سەربازییەكانی، دوێنێ پێشڕەویی زیاتری زەوینی كردە ناو خاكی لبنان، ئەمڕۆش دانیشتووانی باشووری بەیرووتی ئاگەدار كردەوە بەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەن.
ئەمڕۆ دووشەم
سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی ناوچەكانی باشووری بەیرووت، كە مۆڵگەی سەرەكیی حزبوڵا و شیعەی لبنانە، ئاگەدار كردەوە و داوای لێ كردن كە بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتیی خۆیان، ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا گوتی، سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی باشووری بەیرووت ئاگەدار دەكاتەوە و داوایان لێ دەكات بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان ناوچەكە چۆڵ بكەن.
زیاتر گوتی، ئەگەر حزبوڵا لە بۆرمانی مووشەكیی شار و شارەدێكانی باكوری ئیسرائیل بەردەوام بێت، سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووت دەكاتە ئامانج، بەڵام سوپاكە ماوەی پێویست بۆ چۆڵكردنەكە و سروشتیی ئامانجەكانی ئاشكرا نەكرد كە بە نیازە بۆردمانیان بكات.
ئەوە لەوكاتەی ئەمڕۆ دووشەم هەریەك لە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایان گەیاند كە فەرمانیان بە سوپای ئیسرائیل كردووە بۆ هێرشكردنە سەر باشووری بەیرووت، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ حزبوڵا.