گوشار لە بەغدا دەكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەكان

:: PM:06:07:01/06/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو و بەدرێژایی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە دژی ئێران، تەنانەت دوای ئاگربەستە كاتییەكەش كە تا ئێستە بەردەوامە، میلیشیاكانی عێراق رۆڵێكی گەورەیان لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی ئێران و كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە و بۆردمانكردنی وڵاتانی دراوسێی عێراق هەبووە و هەیە، ئەوە وای كردووە لە ماوەی دوو هەفتەی دوایی چەندان داواكاری لە بەغدا بكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان و وەستاندنی هێرشەكانیان.

بەپێی سەرچاوەكان، سێ دەوڵەتی دراوسێی عێراق، سعوودیە و كوێت و ئیمارات، لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە داوای دوورخستنەوەی میلیشیاكانیان لە سنوورەكانیان لەگەڵ عێراق كردووە، چونكە ئەوان لەوێوە بە درۆن هێرش دەكەنە سەر ئەو وڵاتانە و ناوچەكە، بەپێی سەرچاوەك، كە بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراقە، بەغدا بە نیازە وەك وەڵامدانەوەی ئەو داواكارییانە و نەهێشتنی نیگەرانیی ئەو وڵاتانە، بڵاوبوونەوەی میلیشیاكان لە ناوچە سنوورییەكان رێك بخاتەوە، بەو پێیەی هێرشەكان لە بەسرە و بیابانەكانی سەماوە و ئەنبار لە باشوور و رۆژئاوای عێراق كراوە. 

ئەوە لەوكاتەی ئەو وڵاتانە چەند رێوشوێنێكیان لە سنوورەكانیان لەگەڵ عێراق بۆ پاراستنی خۆیان بەرانبەر بەو هێرشانەی میلیشیاكانی عێراق لەناو خاكی عێراقەوە دەیكەنە سەریان وەرگرتووە، لەوانە دانانی چاودێری بۆ ئاشكراكردنی درۆنەكان و دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و داواكردن لە عێراق بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاكان لە سنوورەكانیان و جێگیركردنی سوپا و پاسەوانانی سنووری عێراق لە شوێنی ئەوان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل