میلیشیاكانی عێراق بوونەتە ئاڵنگارییەكی گەورە بۆ حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە هێشتا تەنیا 15 رۆژ بەسەر متمانەوەرگرتنی كابینەكەی لە پەرلەمان بە ناتەواوی تێپەڕ بووە، ئەو خۆی لە نێوان گوشارەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە و ئێران و میلیشیاكانی سەبارەت بە داماڵینی چەكیان و كۆنترۆڵكردن و هەڵوەشاندنەوەیان دەبینێتەوە، شارەزایان پێیان وایە ئەركەكانی زۆر سەختن.
سەیف رەعد شارەزای تەناهی و ستراتیجی دەڵێت، داواكاریی وڵاتانی دراوسێی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی هێرشی میلیشیاكان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەكانیان، بەرجەستەی نیگەرانییەكی راستەقینەی تەناهیی ئەوان دەكات بەرانبەر بە دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی لە خاكی عێراقەوە دەكرێتە سەریان، كە بەهۆی نزیكی هەڵدانی درۆنەكان بە زەحمەت دەتوانن كۆنترۆڵی بكەن و زۆر مەترسیدارن و ئامانجی خۆیان دەپێكن، هاوكات ئەو داوایەی ئەوان حكوومەتی زەیدی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتیی كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوەتیی سنوورەكانی عێراق.
زیاتر گوتی، هەرچەند عێراق كۆنترۆڵی ئەو دۆسییە بكات، ئەنجامی گەورەی لەسەر نەهێشتنی پەرەسەندن لەگەڵ ئەو وڵاتانە و بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ ئەوان دەبێت، كە هێرشەكان كاریگەریی نەرێنیان كردە سەر پێوەندییان بە عێراق، هاریكاریی ئابووری و تەناهی لەگەڵ ئەوان بەهێز دەكات، بەو مەرجەی بە شێوەیەك بێت پارێزگاری لە سەروەریی عێراق بكرێت و نەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزیی ناوخۆیی.
رەعد پێی وایە ئێستە بەغدا توانای دووخستنەوەی تەواوەتی و خێرای میلیشیاكانی لە سنوورەكانی عێراق نییە، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە بەشێكی زۆری میلیشیاكان حەشدی شەعبی وەك چەترێك بۆ بوون و چالاكییەكانیان بەكاردێنن، هەروەها ئەوان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی فەرمانڕەوا لە عێراق و حكوومەتەكەی باڵادەستن، بەشی زۆر سەختی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو میلیشیایانەش پێوەستە بە ئێران، كە وابەستەیەكی بەهێزیان لەگەڵیدا هەیە و لە رووی پاڵپشتیی لۆجیستی و چالاكییەكانیان سەربەخۆییان لە حكوومەتی عێراقەوە هەیە، هەموو ئەوانە وا دەكەن كۆنترۆڵكردنی تەواوەی ئەوان ببێتە ئاڵنگارییەكی سیاسی و سەربازی.