ترەمپ: ئیسرائیل و حزبوڵا هێرشەكان دەوەستێنن

:: PM:08:47:01/06/2026 ‌

چەند رۆژێكە ئیسرائیل هێرشێكی گەورە دەكاتە سەر لبنان و بنكە و بارەگەكانی حزبوڵا بۆردمان دەكات، جیا لە پێشڕەویی سەربازی لە چەند ناوچەیەكی لبنان، ئەمڕۆ دانیشتووانی باشووری بەیرووتی ئاگەدار كردەوە كە ناوچەكە چۆڵ بكەن، بەپێی هەواڵەكان پێوەندییەكی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشێكی فرەوانی ئیسرائیلی بۆ سەر لبنان وەستاند، سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە ئیسرائیل و حزبوڵا هێرشەكانیان دەوەستێنن.

ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە، پێوەندییەكی زۆر بەسوود بوو، تیایدا نەتنیاهۆ دووپاتی كردەوە كە هێزی سەربازی رەوانەی بەیرووت ناكات و ئەو هێزەی بۆ ئەوێ بەڕێگەوە بوون، پاشەكشەیان كردووە، هاوكات لە رێگەی نوێنەرانی باڵای حزبوڵا، راستەوخۆ قسەی لەگەڵ كردوون و رێككەوتن لە نێوان هەردوولا كراوە كە بەتەواوەتی شەڕ و هێرشەكان بوەستێنن. 

ترەمپ لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل هێرش ناكاتە سەر حزبوڵا و لە بەرانبەردا حزبوڵاش هیچ هێرشێك بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نادات، لای خۆیەوە كەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاماژەی كرد كە ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە، ئەوان باسی بەرەی لبنانیان كرد، دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش دووپاتی كردەوە كە لە چەند سەعاتی رابردوو ئەمەریكا رێگری لە هێرشێكی فرەوانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت كردووە.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل