پێ دەچێت گۆڕانكارییەكان تەنیا لە لووتكەی دەسەڵات لە عێراق نەبن و بۆ خوارەوەش شۆڕ ببنەوە، ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی عێراق چەند گۆڕانكارییەكی ئیداری لە نووسینگەكەی ئەنجام دا، وەزیری گواستنەوەش چەند بەڕێوەبەرێكی دوور خستەوە و ئیتری لە شوێن دانان.
بەپێی
نووسراوێك، وەهەب سەلمان حەسەنی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، فەرمانی داوە لە دوورخستنەوەی هەریەك لە یاسین عەبدولحوسێن حەمید لە ئەركەكەی وەك بەڕێوەبەری بەشی بیمە لە كۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریاوانی و دانانی ئەحمەد جاسم محەمەد شری لە شوێنی، هەروەها لادانی حوسێن كەریم داوود لە ئەركەكەی وەك بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەكان لە كۆمپانیاكە و دانانی محەمەد عەلی عەبدولرەزا زایەر لە شوێنی.
هەروەها لادانی حەیدەر سەمەد حەموود لە ئەركەكەی وەك بەڕێوەبەری بەشی بریكاریی دەریاوانی لە كۆمپانیاكە و دانانی عودەی فەرەج عوزیر لە شوێنی و لادانی عەلی هادی عەبدعەباس لە ئەركەكەی وەك بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە كۆمپانیاكە و دانانی محەمەد عەبدولئەمیر عەبدولكەریم لە شوێنی ئەو، ئەوەش دوای كشاندنەوەی دەستی فەرحان فەرتووسی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەندەرەكانی عێراق بۆ ماوەی 60 رۆژ و دانانی عەلا عەبدولحوسێن عوگەیلی لە شوێنی لەو ماوەیەدا، ئەوەش بەهۆی بەرژەوەندیی كارەكەیان.
هەر ئەمڕۆ بەپێی چەند سەرچاوەیەك بۆ رێكخستنەوەی تیمی ئیداری و میدیایی تایبەت بە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چەند گۆڕانكارییەك كرا، لەوانە كاندیدكردنی عەبدولزەهرە هینداوی بۆ ئیدارەدانی نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیران لە دوای لادانی رەبیع نادر لەو پۆستە، دانانی حەسەنێن شێخ لە ئەركی بەڕێوەبەری رێوڕەسمەكانی سەرۆك وەزیران، هەروەها راسپاردنی حەیدەر عەبوودی وەك گوتەبێژی فەرمی بە ناوی حكوومەتی عێراق.