فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئامارێکی نوێی ڕێگریکردن لە کەشتییەکانی ئێران بڵاو دەکاتەوە

:: PM:09:51:01/06/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم یەکی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئامارێکی نوێی سەبارەت بەو کەشتییانەی ئێرانی بڵاو کردەوە کە لە چوارچێوەی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ڕێگرییان لێ کراوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەزاران سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەریا، ئاسمان و زەوییەوە پاڵپشتی لە بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمەریکا دژی ئێران دەکەن. فەرماندەییەکە دووپات دەكاتەوە کە هێزەکانیان تا یەکی حوزەیران، ئاراستەی 121 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و پێنج کەشتیشیان پەکخستووە، ئەمەش بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی گەمارۆکە.

جێی باسە، هەریەک لە واشنتن و تاران دەستیان بە ئاڵوگۆڕی پەیام کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەست و کۆتایهێنان بە شەڕی نێوانیان، لە کاتێکدا بەردەوامیی بۆردمانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لبنان، هێشتا وەک ئاستەنگێک لە بەردەم ئەو ڕێککەوتنە دەبینرێت، بەتایبەتی کە ئێران دەیەوێت سەپاندنی ئاگربەست لە لبنان ببێتە بەشێکی گرنگ لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمەریکا.


وشە - پۆڵا مەحموود