ئێران هۆشداری لە بەزاندنی هێڵە سوورەکان لە لبنان و غەزە دەدات

:: PM:09:56:01/06/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم یەکی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی کردەوە کە هەر بەزاندنێکی هێڵە سوورەکان لە لبنان و کەرتی غەزە، بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دادەنرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵکشانی گرژییە هەرێمییەکانی پێوەست بەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچن.

لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی ئێران گواستوویانەتەوە، هاتووە کە پێشهاتەکانی ئێستەی لبنان و غەزە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ئاسایشی ئێرانەوە هەیە، هۆشداریش دراوە لە دەرهاویشتەکانی هەر هەڵکشانێکی زیاتر لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران دووپات دەكاتەوە کە ئامادەیی هێزە زەوینییەکانی ئێران دەگاتە 100%، ئاماژەی بەوەش داوە کە بەتەواوی ئامادەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە گرژییە هەرێمییەکانی نێوان ئیسرائیل لە لایەک، و هێز و گرووپە چەکدارەکانی لبنان و کەرتی غەزە لە لایەکی ترەوە بەردەوامن. ئەمەش لە سایەی هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان، کە تێیدا ئێران لە هەڵوێستە بەردەوامەکانیدا دووپات دەكاتەوە کە ئاسایشی نەتەوەییەکەی بەستراوەتەوە بە پێشهاتەکانی ناوچەکەوە، لە کاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە خلیسکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیری هەرێمی.


وشە - پۆڵا مەحموود