"ئەركی زەیدی لە نێوان ڤیتۆی ئەمەریكا و تۆم باراك سەخت دەبێت"

:: PM:10:41:01/06/2026 ‌

لە ماوەی دوایی و بەپێی چەند سەرچاوەیەك، ئەمەریكا پلانی بە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوە بەوەی بەهیچ شێوەیەك بەشداریكردنی سێ میلیشیای عێراقی لە حكوومەتەكەی قبووڵ ناكات، تەنانەت ئەگەر چەكەكانیشیان دابنێن، هاوكات بەم دواییە سەرۆكی ئەمەریكا تۆم باراكی كردە نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ عێراق و سووریا، كە بە شێوازی كاركردنی جیاواز و راشكاوانەی ناسراوە، بۆیە ئێستە زەیدی كەوتووەتە نێوان ڤیتۆی ئەمەریكا و شێوازی كاركردنی باراكەوە. 

ئەمەریكا گرنگییەكی زۆر بە داماڵینی چەكی میلیشیاكان و لێكهەڵوەشانەوەیان دەدات، تەنانەت بە كلیلی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و لاوازكردنی رۆڵی ئێران لە عێراق و كرانەوەی عێراق بە رووی دنیا لە بوارە جیاجیاكان دادەنێت، جیا لە مسۆگەركردنی بەرژەوەندییەكانی لەو وڵاتە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەو بابەتە ببێتە تەوەرێكی سەرەكیی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا.

بەپێی سەرچاوەیەك، تا ئێستە هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر بەو گرووپە چەكدارانەی بە دانانی چەكەكانیان رازین دیار نییە، بەڵام ئاشكرایە كە ئەمەریكا پاڵپشتی لە حكوومەتێك ناكات میلیشیاكان بەو شێوەی ئێستەیان تیایدا بەشداری بكەن، بەڵام دەكرێ ئەو گرووپانەی رازی بوونە بە دانانی چەك تیایدا بەشدار بن.

دووپاتی كردەوە كە سێ گرووپی چەكدار هەن ئەمەریكا بە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی تۆمەتباریان دەكات، ئەوانیش كەتیبەكانی حزبوڵا و كەتیبەكانی ئەنساروڵای ئەوفیا و كەتیبەكانی سەید شوهەدا، بەشداریكردنی ئەوان لە حكوومەتی عێراق بەتەواوەتی رەتكراوەیە، تەنانەت ئەگەر چەكەكانیشیان دابنێن، سەرچاوەكە پێی وایە تۆم باراك، نێردراوی نوێ بۆ عێراق و سووریا، كەسێكی راشكاوانەیە و پێویستە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل