تا ئێستە هۆكاری راستەقینەی ئەو پێداگرییەی ئێران و بێباكی بەرانبەر بە گوشار و داواكارییەكانی ئەمەریكا نازانرێت، ئەوەی هەیە پێشبینی و لێكدانەوەی راپۆرتەكانی شیكاریی رۆژنامە و میدیاكان و قسەی شارەزایانە، میدیاكانی ئێران باسی ئەوە دەكەن كە چەند رۆژێكە پەیامگۆڕینەوە لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ وەستانی شەڕ وەستاوە.
ئاژانسی
"فارس"ی نیوچە فەرمیی ئێرانی لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە نوێترین پەیامی تاران بۆ واشنتن، پەیامێكی روون بوو لەبارەی لبنانەوە، لەوكاتەی ماوەی چەند رۆژێكە پەیامگۆڕینەوە لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە وەستانی شەڕ و گەیشتن بە رێككەوتنی سەرەتایی هەردوولا وەستاوە.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تری نزیك لە شاندی دانوستانكاری ئێران ئاشكرای كرد كە تا ئێستە رەشنووسی یاداشتی لێكگەیشتنی پێشنیازكراو لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ لە تاران تاوتوێ دەكرێت، تا ئێستە ئێران وەڵامی فەرمیی خۆی رەوانە نەكردووە، لە بەرانبەردا دوێنێ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە هیچ شتێكی لە ئێرانەوە سەبارەت بە وەستانی دانوستانەكان بەدەست نەگەیشتووە.