یەكێك لە ئامرازەكانی گوشاری حزبوڵا و ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەوڵی تێكدانی دانوستانەكانی لبنان و ئیسرائیل و بەستنەوەی بە سەركەوتنی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا، بۆردمانكردنی ناوچەكانی باكوری ئیسرائیلە، كە وا دەكات ئیسرائیل بە بۆردمانكردنی لبنان وەڵام بداتەوە و دانوستانەكانی بەیرووت و تەلئەبیب لە واشنتن بێبایەخ بكات و مانەوەی هەژموونی حزبوڵا بەسەر بڕیاری لبنان بسەلمێنێت، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هاوكێشەیەكی نوێ جێبەجێ دەكات، باشووری بەیرووت بەرانبەر بە باكوری ئیسرائیل.
دوێنێ بە گوشاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئیسرائیل و حزبوڵا هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتر وەستاند، ئەمڕۆ سێشەم یسرائیل كاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە واشنتن رازی بووە بەوەی ئەگەر حزبوڵا هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی باكوری ئیسرائیل، ئیسرائیل باشووری بەیرووت بۆردمان بكات، ئەمەریكا بەو بابەتە رازی بووە و بە لبنان و هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی راگەیاندووە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، كاتس ئاماژەی كرد، لەگەڵ سەرۆك وەزیران ئاراستەیەكمان گرتووەتە بەر بۆ سەپاندنی هاوكێشەیەكی نوێ، ئەگەر هێرشی سەر ناوچەكانی باكوری ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەوە باشووری بەیرووت چۆڵ دەكەین و بۆردمانی دەكەین، كە مۆڵگەی سەرەكیی حزبوڵایە.
دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا پاڵپشتی لەو بابەتە كردووە و بە حكوومەتی لبنانی و هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی راگەیاندووە، بۆیە یان هێرشی سەر ناچە سنوورییەكانی ئیسرائیل دەوەستێت یان ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بن، ئێمەش باشووری بەیرووت دەكەینە ئامانج، بۆیە ئەو هاوكێشەیە جێبەجێ دەكەین، رۆژانی داهاتووش دەبێتە تاقیكردنەوەی ئەو سیاسەتە بەرگرییە نوێیە.