لە دوای عەسائیب كەتیبەكانی ئیمام عەلیش چەك دادەماڵێت

:: PM:06:21:02/06/2026 ‌

تا ئێستە وردەكاریی پرۆسەی داماڵینی چەكی میلیشیاكانی عێراق لە رووی هۆكار و پاڵنەر و شێواز و میكانیزمەكانی دیار نییە، دوای ئەوەی بەر لە چەند رۆژێك موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە و ئەمڕۆ قەیس خەزعەلی سەركردەی گرووپی عاسائیب ئەهلولحەق دەستبەردارییان لە باڵە سەربازییەكانیان لە چوارچێوەی پرۆسەی هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت كرد، كەتیبەكانی ئیمام عەلیش وابەستەیی خۆی بە حەشدی شەعبی بەكۆتا هێنا و دەستی بە داماڵینی چەكەكانی دەكات. 

وەك لە بەیاننامەیەكی كەتیبەكانی ئیمام عەلیدا هاتووە، لە سۆنگەی بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی سەركەوتن و بەهێزكردنی سەروەریی یەكێتیی نیشتمانی، سەركردایەتیی كەتیبەكانی ئیمام عەلی بڕیاری دابرانی خۆی لە حەشدی شەعبی و دەستكردن بە رێوشوێنەكانی هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت رادەگەیەنێت، ئەوەش لەسەر خواستی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

زیاتر دەڵێت، ئێستە گۆڕەپانەكە بۆ شەڕی بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز و بەتوانایە، خاوەن سەروەرییەكی تەواو لەسەر خاك و ئاسمانی و یەكگرتوو بە رۆڵەكانییەوە، موقاوەمەت پێویستییە نەك پیشە، بیر و باوەڕ و ئینتیما و بەرپرسیارەتییە و بەرپرسیارەتی ئێمەش ئەمڕۆ پێویست بە هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت و بەهێزكردنی دامەزراوە تەناهییەكان و سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا دەكات.

دووپاتی كردەوە، بۆیە بڕیار درا بە پێكهێنانی چەند لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی ژماردن و رادەستكردن و گواستنەوەی چەكەكان بە سەرپەرشتیی فەرمادەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و بەدواداچوون بۆ ماڵباتی شەهید و برینداران و كاروباری ئەندام و كارمەندان و یەكخستنەوەیان لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەت.

ئەو بڕیارەی كەتیبەكانی ئیمام عەلی لە دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق دێت بە پێكهێنانی لیژنەیەكی ناوەندی بۆ دەستكردن بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی خۆداماڵین لە ریزەكانی حەشدی شەعبی، لە هەنگاوێك وەك خۆگونجان لەگەڵ داوای مەرجەعیەتی ئاینی و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دووپاتكردنەوە لەو ئاراستەی قەیس خەزغەلی ئەمینداری گشتیی بزاوەكە بۆ هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت خوێندنەوەی بۆ كرا.  

شایەنی باسە دوێنێ شەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بووەوە، بابەتی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت یەكێك بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، كە تیایدا چوارچێوەكە زەیدییان لە وەرگرتنی بڕیار و رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵات سەرپشك كرد، هاوكات پاڵپشتیی خۆی بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا لای دەوڵەت و دابڕینی دەستەی حەشدی شەعبی لە قەوارە سیاسی و حزبی و كۆمەڵایەتییەكان دووپات كردەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل