تا ئێستە دیار نییە پلانەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە حەشدی شەعبی چییە، بەتایبەتی لە دوای سەردانەكەی دوایی دێڤید پترایۆس بۆ بەغدا، ئەمەریكا لەسەر داماڵینی چەكی میلیشیاكان سوورە و پرۆسەكە دەستی پێ كردووە، هێزە سیاسییە شیعەكان هەوڵ بۆ رازیكردنی ئەمەریكا بۆ هێشتنەوەی حەشد دەدەن، پەرلەمانتارێكی شیعە ئاماژە دەكات دوای پشووی پەرلەمان یاساكەی دەردەچێت.
سەگر محەمەداوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی فەرمیی سەربازییە و وابەستەیە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، رۆڵی گەورەی لە لەناوبردنی تیرۆر و داعش هەبووە، دامەزراوەیەكی سەربازی سەر بە دەوڵەتە و هیچ نیازێك بۆ دەستبردن بۆ گۆڕینی دۆخی یاسایی و دامەزراوەییەكەی نییە.
ئاشكرای كرد كە پەرلەمان بە نیازە لە دوای كۆتاهاتنی پشووی یاسادانانی، دەست بە كاركردن لەسەر یاسا تایبەتەكان بە حەشدی شەعبی بكاتەوە، بۆیە یاساكانی حەشدی شەعبی و خانەنشینی ئەندامانی گرنگییەكی زۆریان لە لایەن لیژنەكەوە پێ دەدرێت و كاری لەپێشینەی پەرلەمانە لە قۆناغی داهاتوودا.
شایەنی باسە لەوكاتەی هێزە شیعەكان لە هەوڵەكانیان بۆ تێپەڕكردنی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان بەردەوامن، ئەمەریكا لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاساكە عێراقی وریا كردووتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە توندی بەرهەڵستیی دەركردنی یاسای حەشدی شەعبی كرد كە دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكانی پێوەندیدار بە ئێران لە عێراق بەهێز دەكات.
ساڵی رابردوو لە كاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕكردنی یاساكە و دوای دووەم خوێندنەوە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز كرد و لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاساكە وریای كردەوە، هاوكات كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا سەردانی پەرلەمانی عێراقی كرد و عێراقی لە تێپەڕاندنی یاساكە وریا كردەوە بەوەی لێكەوتەی خراپی دەبێت.
ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو دێڤید پترایۆس جەنەراڵی خانەنشینی ئەمەریكی سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی كەوت، بەرپرسانی عێراق دەڵێن، ئەو نووسراوێكی واشنتنی سەبارەت بە كۆتاهێنان بە چەكی میلیشیاكان داوەتە بەغدا، واشنتن هەوڵی دابڕینی فەرماندەی میلیشیاكان و رادەستكردنی چەكی قورسی میلیشیاكان دەدات.
بەرپرسانی عێراق ئاماژە دەكەن كە ئەمەریكا مەرجی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و دابڕینی فەرماندەكانیان و دامەزراندنی چەند ئەفسەرێكی پیشەگەر وەك سەرپەرشتیار لەسەر حەشدی شەعبی وەك سەرەتایەك بۆ یەكخستنەوەیان لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق دیاری كردووە، كە واشنتن بە بەربەستێكی گەورەی لەبەردەم ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دادەنێت.