دەست بەسەر سامان و موڵكەكانی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق و كەسانی تردا دەگیرێت

:: PM:08:42:02/06/2026 ‌

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رای گەیاند كە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لە دۆسیەی عەدنان محەمەد مەحموود بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری پاڵاوتن، كە ئێستە راگیراوە، بووتە هۆی دەستگرتن بەسەر دەیان موڵك و چەندان ملیۆن دۆلاری خۆی و كەسانی پێوەندیدار بە دۆسیەكەوە.

بەپێی راگەیاندنی ئەنجوومەنەكە، دادوەری دادگای ناوەندیی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی گەندەڵی ئاماژەی كردووە، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لە دۆسیەی تۆمەتباری راگیراو عەدنان محەمەد مەحموود كە پۆستی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری پاڵاوتنی هەبوو، خۆی و گرووپەكەی، بووە هۆی وەرگرتنی چەندان رێوشوێنی فرەوانی یاسایی و دەستگرتن بەسەر بڕێك پارە و موڵكی خۆی و كەسانی پێوەندیدار بە دۆسیەكەوە.     

دادوەرەكە ئاماژەی كرد، تا ئێستە دەست بەسەر 40 موڵك لە پارێزگاكانی بەغدا و سەڵاحەدین و هەولێر و 10 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی و سێ ملیار دینار و چەند پارەچە زێڕێك كە بە یەك كیلۆگرام و نیو دێتە خەمڵاندن گیراوە، هەر بەهۆی لێكۆڵینەوەكان دەست بەسەر چەندان پارچە چەكی سووك و ناوەند گیراوە و لێكۆڵینەوەكان بۆ ئاشكراكردنی هەموو كەسانی پێوەندیدار بەو دۆسیە بەردەوامە.

شایەنی باسە شەمووی رابردوو بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە لایەن هێزێكی تایبەتی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین گیرا و بەرەو بەغدا گوازرایەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵی لە دۆسیەی گەندەڵی، دوای ئەو ژمارەیەك بەرپرسی تری وەزارەتەكە لە پاڵاوگەی بێجی گیران. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل